لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ریدەگەیەنێت، "پێویستە حكومەت لەشێوازی حكومڕانی جیابكەینەوە، هەوڵی جددی بدەین بۆ راستكردنەوەی رێڕەوەكەی و پەرەپێدانی حكومەت".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە تا دوا كابینەی حكومەت كاری باش لەبوارەكانی ئاوەدانی و حزمەتگوزاریدا كرا، بەڵام لەم كابینەیەدا نەتوانرا درێژە بەو كاروانە بدرێت و كاروبارەكان سستیان بەخۆیانەوە بینی و كۆمەڵێك قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرت، بۆیە دەلاقەیەكی گەورە لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا درووستبوو".
"پێویستە حكومەت لە شێوازی حكومڕانی جیابكەینەوە، سەرباری هەموو لایەنە خراپەكانی حكومڕانی، هەوڵی جددی بدەین بۆ راستكردنەوەی رێڕەوەكەی و پەرەپێدانی حكومەت، ئەوەش لە رێی شێوازەكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە دەبێت، بەجۆرێك كە یەكێتی پێكهێنەری سەرەكی و باسكی بەهێزی حكومەت بێت، چونكە تەنها یەكێتی دەتوانێت ئەم بارە لارەی كوردایەتی راستبكاتەوەو هاوسەنگی درووست بكات" شێخ جەعفەر وادەڵێت.
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان راشیگەیاند: "سەرۆك و سەركردایەتی یەكێتی دەسەڵاتی تەواویان داوەتەدەست هێزەكانی حەفتا تاكو بچێتەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بۆ ئەوەی هێزی حزب نەمێنێت و سوپایەكی یەكگرتووی كوردستانی دابمەزرێت و دامەزراوەیەكی پتەوی حكومڕانیمان هەبێت، بەڵام لایەن هەیە كۆسپ و لەمپەڕ درووستدەكات، بۆیە تائێستا نەتوانراوە ئەو ئامانجە پیرۆزە بەدیبهێنرێت".
ئەم وتانەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكیدا هات كە بەئامادەبوونی زیاد شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی و كوێخا سمایلی تەلان و ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی دۆڵی جافایەتی لەگەڵ هەڤاڵان و لێپرسراوانی هەردوو كۆمیتەی رێكخستنی دوكان و پیرەمەگرون ئەنجامدرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP