هەژماری من له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێكه‌و پرۆژه‌كه‌ شکستی هێناوە

کوردستان
14:18 - 2024-09-07


 لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند رۆژێکە دابەشکردنی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێم دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێک لەو مووچەخۆرانەی کەلەڕێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن تا ئێستا بەهۆی کیشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی وەرگرتنی پارە و نەبوونی پارە تێیاندا نەیانتوانیوە مووچەکانیان وەربگرن، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت: "پرۆژەی هەژماری من شکستی هێناوەو مووچەخۆران بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان پێ باشترە".

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: مووچەخۆرانی هەرێم باجی هەژماری من دەدەن
پێشتریش شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باس لە 'هەژماری من' دەکات و رەخنەی توندی لێدەگرێت و دەڵێت: "پێداگیری حکومەتی هەرێم لەسەر پڕۆسەی هەژماری من (سیستەمی قاصە و صەراف) لەئێستا ئەم کێشەیەی گەیاندۆتە دۆخێکی ناجۆر کە بەردەوام موچەخۆرانی ھەرێم دەبێت باجەکەی بدەن".

"پەیوەست بە کێشەی موچەی فەرمانبەران، ئەکرێت حکومەتی هەرێم لە جیاتی پێشنیارکردنی پڕۆژەی هەژماری من و زیاتر قوڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم پێشنیار و چارەسەرێکی گونجاوتری هەبێت کە لەلایەک هەم مەرجەکانی حکومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ بکات هەروەها ھەم لە خەمی خزمەتی موچەخۆر و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت"، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وادەڵێت.

شارەزایەکی ئابووری: هەژماری من لەبەرژەوەندی چەند کەسێکە
جەبار گۆران شارەزای بواری ئابووری و دارایی بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:"هەژماری من پرۆژەیەکی بازرگانییەو لەبەرژەوەندی چەند کەسێکە، بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم بەرژەوەندی گشتی و مووچەخۆرانی دەوێت، پێویستە مووچە تەوگین بکرێت لەیەکێک لە بانکە حکومییەکان، کە ئەمە بڕیاری دادگای فیدراڵیشە".

جەبار گۆران ده‌ڵێت:"بانکە حکومییەکان کە لەناو پرۆژەی 'هەژماری من'دان بڕواپێکراوترن بەبەراورد بە بانکە ئەهلییەکان، هاوکات بانکە حکومییەکان لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە پشتیوانی دەکرێت و زۆر بە ئەستەم ئیفلاس دەکەن، هاوکات بۆ بانکە ئەهلییەکان پێشبینی کراوە کەلە کاتی قەیرانەکاندا مایەپووچبونی خۆیان رابگەیەنن"


شارەزاکەی بواری ئابووری و دارایی راشیگەیاند: "بانکە حکومییەکان بەراورد بە بانکە ئەهلییەکان کەمتر تاکە کەس دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات و بڕیاری لەسەر بدات، ئەمەش وای کردووە مووچەخۆرانی هەرێم تەوگینیان لە هەژماری من پێ باشتر بێت". 

هەژماری من کۆت وبەندی مووچەخۆرانە
هەژماری من متمانەی نێوان حکومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی نەهێشت و پسپۆڕانی ئابوریش دژی ئەو پرۆژەیەن، چونکە کت و بەندی نایاسایی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە.

د. لاڤە ئاراس پسپۆڕی دارایی و ئابووری بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "تەوگین باشترە لە هەژماری من، چونکە شەفافیەتی زیاتری تێدایە و لە بەرژەوەندی تاکە کەس نییە، هاوکات پەیوەندی بە حکومەتی عیراقەوە هەیە و ئێمەش کەبەشێکین لە عیراق زامنی زیاتر دەداتە مووچەخۆران".

"حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بە تایبەت لە کابینەی نۆدا نەیتوانی ئەو بێ متمانەییەی لەنێوان هاووڵاتی و حکومەتدا هەبوو چارەسەر بکات، بەپێچەوانەوە رێژەی بێ متمانەییەکی زیاد کردوو ئەو متمانەیەش کە پێشتر هەبوو بەتایبەت لە رووی داراییەوە لەناوی برد، ئەمەش وایکردووە مووچەخۆران روو لە تەوگین بکەن و پشت لە هەژماری من بکەن، بەمەش هەژماری من شکستی هێناوە"، د. لاڤە ئاراس وای وت.

پسپۆڕەکەی بواری دارایی و ئابوری وتیشی: "وەک پسپۆڕان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری مندا نین، چونکە هەندێ کۆت و بەندی بۆ مووچەخۆر داناوە کە نایاسایین و مووچەخۆر پابەند دەکات بە هەندێک ڕێکارەوە کەبە خواستی خۆی نییە، هاوکات هەژماری من پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەو ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچە لەبەغداوە".

مووچەخۆرێک: هەژماری من شکستی هێناوە
مووچەخۆرێک کەناوی لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردوەو پێویستبوو مووچەی مانگی 7ی بە ئەلکترۆنی وەربگرێت، بۆ PUKMEDIA  وتی: "هەر لەسەرەتاوە پرۆژەکە شکستی هێناوەو لەماوەی 3 رۆژی رابردوودا چەندین جار ویستوومە مووچەکەم بەپێی سیستمەکە وەربگرم، بەڵام بەهۆکاری جیاجیا تا ئێستا مووچەی مانگی حەوتم وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە مانگەکانی رابردوودا بێ کێشە مووچەکەم وەردەگرت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی سێ شەممە 3-9-2024 خشتەی مووچەی مانگی تەمووزی 2024 ی بڵاوکردەوەو بەپێی خشتەکە پێویستە لە ماوەی 3 رۆژدا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان پێبدرێت، بەڵام تا ئەمڕۆ یەک شەممە 7-9-2024 بەشێک لە مووچەخۆران کە ناویان لە 'هەژماری من' تۆمارکردووە، کێشەیان بۆ دروست بوەو هیچ بڕە پارەیەک نەهاتوەتە سەر حسابەکانیان، یاخوود بەهۆی کیشەی تەکنیکی و نەبوونی پارە لە ئامێرەکانی پارە وەرگرتندا نەیانتوانیوە مووچەکانیان وەربگرن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە