کاروان یاروەیس: شێواندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان قبوڵ ناکەین

کوردستان
11:15 - 2024-09-08

بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵدا یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە روفاتی شەهیدانی ئەنفالکراوی گەرمیانی تێدایە بەشێوەیەکی ئاشکرا و بەئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان هەڵبدرێتەوە. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: هەر کردەوەیەکی شێواندنی گۆڕەکان قبوڵ ناکەین و بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان رووبەروی یاساییان دەکەینەوە.
کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە هەنگاوی یەکەمدا یەک گۆڕ هەڵدەدرێتەوە کە بەپێی خەملاندنی تیمەکان نزیکەی ٢٠٠ روفاتی تێدایە و شەهیدانی ئەنفالکراوی گەرمیانن و لەرووی رەگەز و تەمەنەوە تێکەڵن، هەروەها دواخستنی کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش بەهۆی گەرمای ئەو ناوچانەوەیە، چونکە تیمەکان بەرگەی گەرمای بەتینیان نەگرتوە، هەڵدانەوەی هەموو گۆڕەکانیش بەیەکەوە نابن، بۆ ئەوەی پزیشکی داد فریای پشکنین و کارەکانی بکەوێت.
وتیشی سەبارەت بەپاراستنی گۆڕەکانیش تا تەواوبوونی پرۆسەی هەڵدانەوەیان، جەختمان کردەوە کە هەر کردەوەیەکی شێواندنی گۆڕەکان قبوڵ ناکەین و بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان رووبەروی یاساییان دەکەینەوە وەکچۆن پێشتر بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لە پشکنینی DNA سکاڵامان لەدژی پزیشکی داد لەلای داواکاری گشتی عێراق تۆمارکرد.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP