سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود پزیشکیان لە دەباشان کۆدەبنەوە

کوردستان
17:10 - 2024-09-11



سبەینێ پێنج شەممە، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان كۆدەبێتەوە.

محەمەد مەحمودیان سەركونسوڵی ئێران لەسلێمانی لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەم گەشتەی مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئیسلامی ئێران وەك یەكەم بەرنامەی سەردانی دەبێت بۆ دەرەوەی ئێران لەدوای هەڵبژاردنی بەسەرۆككۆمار، لەسەر بنەمای سیاسەتی ئێران و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دیكەو دراوسێكان كە پلانی بۆ داڕێژراەوە".

یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان عیراق و ئێراندا ئیمزا دەكرێت

راشیگەیاند: "بەهۆی گرنگی وڵاتی عیراقەوە، وەفدی ئێران لەسەردانەكەیدا بۆ ئەو وڵاتە پلان و بەرنامەی چڕوپڕی دەبێت و یاداشتی لێكتێگەیشتن لەبوارەكانی سیاسی و ئابوری و رۆشنبری و ئەمنی و زانستی و ژینگەیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا دەكرێت".

لەدرێژەی قسەكانیدا سەركونسوڵی ئێران لەسلێمانی رایگەیاند: "سەرباری گفتوگۆ چڕوپڕەكانی مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئیسلامی ئێران لەبەغدا، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێم لە هەولێرو سلێمانی كۆدەبێتەوە".

سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال دەكات

وتیشی: "هەربەپێی پلانەكە سەرۆككۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی سلێمانی شاری ئەدەب و رۆشنبیری و ماڵی كەسایەتی گەورە سەرۆك مام جەلال دەكات، هاوكات سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال سەرۆككۆماری پێشووتری عیراق دەكات و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و لێپرسراوانی یەكێتی كۆدەبێتەوە".

سەردانەكەی پزیشكیان هەڵگری پەیامی گرنگە

محەمەد مەحمودیان ئەوەشی خستەڕوو: "سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگری پەیامی گرنگە بۆ هەموو لایەك، چونكە پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان رەگوڕیشەی قوڵیان هەیەو دڵنیاین هەورازو نشێوی ناوبەناو زیان بەدۆستایەتییەكەمان ناگەیەنێت"، هەروەك  مەسعود پزیشكیان بەڕوژنامەنووسانی وت: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كوردستان باشەو باشتری دەكەین".
ئەمڕۆ چوار شەممە 11ـی 9ـی 2024 مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدێكی هاوڕێی گەیشتە بەغداو لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق و بەڵیۆزی ئێران لە عیراق پێشوازی لێكرا، ئەمەش یەكەم سەردانی رەسمییە بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی كە پزیشكیانە لەدوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆككۆماری ئێران ئەنجامی بدات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP