شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: دەسەڵاتدارێتی لە هەرێم بهێنرێته‌وه‌ سەر شاڕێگای کوردایەتی

کوردستان
17:54 - 2024-09-11



ئه‌مڕۆ 11ی ئەیلولی 2024 ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری و ئاوات محەممەد، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و تێکۆشەران و کەسایەتیی سەر بە چین وتوێژە جیاجیاکانی سنووری شارباژێڕ کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، سەرەتا هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، پاش بەخێرهێنانی ئامادەبووان، باسی لە دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی هەرێم و گرنگی بەشداریی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هاوهەڵوێستی دانیشتوانی شارباژێڕی کرد، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکە.

پاشان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر خەبات و ماندووبوونی دانیشتوانی سنووری شارباژێڕ کە هەمیشە لەریزی پێشەوەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا بوون و بەو هۆیەشەوە قوربانیی زۆریانداوە و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، بۆیە مافی خۆیانە لەوەی تائێستا بۆیان کراوە، زیاتریان بۆ بکرێت، لەڕووی پرۆژەکانی حزمەتگوزاریی و ئاوەدانییەوە.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، وتی: فیداکاریی و خەباتی نەپساوەی رۆڵەکانی ئێوە، پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە کە لەسەرەتاوە تا کابینەی نۆیەم خزمەتگوزاریی باش پێشکەش کرا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رێڕەویی دەسەڵاتدارێتی بەئاقارێکی نادروستدا ئاراستەکراو جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەکرێت و بابەتی ئازادییەکان بەرتەسک کرانەوە، جگە لەوەش قۆرغکردنی دەسەڵات هاتووەتە ئاراوە. هەربۆیە ئەرکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هێزە دەربەستەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستانە، پشت ئەستوور بە پاڵپشتی کۆمەڵانی خەڵک رێڕەوی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێم بگۆڕن و بیهێنەوە سەر شاڕێگای کوردایەتی و خزمەتکردنی میللەتەکەمان.

هاوکات، جارێکی تریش جەختی لەسەر هەڵوێست و روئیای نیشتمانیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە، سەبارەت بە پێویستی یەکخستنەوەی پێشمەرگەو دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتوو، لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستان لەهەر هەڕەشە و مەترسییەک، سەرباری بایەخی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی پتەوی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان و دەستەبەرکردنی تەبایی و یەکڕیزی میللەتەکەمان و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵینگارییە جۆراوجۆرەکان.

لە کۆتاییشدا ژمارەیەک لە ئامادەبووان، بەوپەڕی ئازادییەوە، پرسیار و رەخنە و تێبینییەکانیان خستەڕوو و لەلایەن هەڤاڵانەوە وەڵامدرانەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP