لێبوردنی تایبەت بۆ بەشێک لەزیندانییانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت

کوردستان
12:31 - 2024-09-08

لێبوردنی تایبەت بۆ بەشێک لەزیندانییانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت ‌و بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمیش دەڵێت لێبوردنەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە نەخۆشن یان زۆر بەساڵداچوون.
ئیحسان عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم رایدەگەیەنێت، لێبوردنی تایبەت بۆ ئەو زیندانییانە دەردەچێت، کە نەخۆشیی قورسی وەک شێرپەنجەیان هەیە، یان جەڵتە لێی داون، یان تەمەنیان زۆرە.
راشیگەیاند لیژنەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی داد و تەندروستی ‌و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەمەبەستی لێبوردنەکە پێکهێنراوە و لیژنەیەکی پسپۆڕ پشکنین بۆ زیندانییان دەکات‌ و بڕیار دەدات ئەو زیندانییە شایستەی ئەوەیە لێبوردنەکە بگیرێتەوە، یان نا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، نزیکەی 10 ڕۆژە لیستێکی زیندانییان ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە بۆ ئەوەی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربچێت ‌و بڕیارە لیستی دیکەش ئامادەبکرێت ‌و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێم بکرێت".


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP