لە مەغریب بەهۆی لافاوەوە 11 کەس گیانیانلەدەستدا

جیهان
09:59 - 2024-09-09

بەهۆی لافاو و بارانبارینی بەخوڕەوە لە مەغریب 11 کەس گیانیانلەدەستدا و نۆ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
رەشید خەلفی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند، 17 پارێزگا و هەرێمی مەغریب کاریگەریی لافاویان لەسەربووەو بەوهۆیەوە تاوەکو ئێستا 11 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
خەلفى راشیگەیاند، تەنیا لە دوو رۆژی بوونى لافاودا، نیوەی ئەو بڕە باران باریوە، کە لەئەمساڵدا لە تەواوی وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، لە هەندێک ناوچەش زیاتر لە 250 ملیمەتر باران باریوە.
باسى لەوەشکردووە، جگە لە زیانە گیانییەکان، لافاوەکە بووەتە هۆی داڕمانی 40 ماڵ و زیانی بە 93 رێگە گەیاندووە، ئەمە جگە لەوەی زیانی بە تۆڕەکانی دابینکردنی کارەباو  ئاوی خواردنەوە و تۆڕەکانی تەلەفۆن لە وڵاتەکە گەیاندووە.
هەردوو شەوى هەینی و شەممە، چەندین ناوچە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی مەغریب، کەوتنە ژێر کاریگەریی بارستە هەوای گەرمی ناجێگیرەوە و بارانى بەخوڕ ناوچەکانى گرتەوەو ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بارانی بەخوڕ و چەند ناوچەیەکی جەزائیریش کەوتنە ژێر کاریگەریی پاڵەپەستۆکەوە، بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، زۆربەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە مەغریب ناوچەی بیابانیی وشکن لە رۆژهەڵاتی چیای ئەتڵەسی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP