بەهەوڵی وەزیری كشتوكاڵ بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاران درا

کوردستان
18:04 - 2024-09-09


بەهەوڵی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئابوری عێراقی بڕ‌یاریدا به‌داخستنی مه‌رز و ده‌روازه‌كان به‌ڕووی هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ ناو سنوره‌كانی وڵات.

به‌پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: "له‌دوای بریارێك له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئابوری حكومه‌تی فیدراڵی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی (خه‌یار ، ته‌ماته‌ و پیاز ، كوله‌كه‌ و شوتی) مۆڵه‌تی هاورده‌كردنیان كرابویه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ڕ‌ۆژمێری هاوبه‌ش و په‌سندكراوی كشتوكاڵی بوو، به‌هۆی بوونی مه‌ڕ‌اسیمه‌كانی مه‌حه‌ڕ‌ه‌می عاشوراوه‌".

"له‌سه‌ر پێداگری بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئابوری عێراقی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی جوتیاران له‌دوای دانوستان و گفتوگۆیه‌كی چڕ‌ بریار درا ، بۆ پاڵپشتی جوتیاران و به‌ بازاڕ‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ،ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئابوری عێراقی بڕ‌یاریدا به‌ داخستنی مه‌رز و ده‌روازه‌كان به‌رووی هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ ناو سنوره‌كانی عێراق"، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا ئاماژە بەوەشدراوە: "ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگ و ده‌رفه‌تێكی زێرینه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی جوتیارانی هه‌رێم، له‌ پێناو به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری جوتیاران و به‌ ده‌مه‌وه‌چوونی داواكاری و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، به‌ تایبه‌تی جوتیارانی ناوچه‌ی پێنجوێن، سیده‌كان و ده‌شته‌كانی هه‌ولێر و دهۆك، كه‌ له‌ ئێستا دا به‌رهه‌مه‌كانیان پێگه‌یشتووه‌ و كێشه‌ی به‌بازاڕ‌كردنیان هه‌بووه‌ و بۆ له‌ودوا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ركراو و به‌رهه‌مه‌كانی هه‌رێم ده‌چێته‌ بازاڕ‌ە‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP