شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازییکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان

کوردستان
16:55 - 2024-09-14



رۆژی شەممە 14ی ئەیلول ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی
بەڕێز دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و هەڤاڵ جوتیار نوری و، مامۆستا جەلال خێلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و دکتۆر زەینەدین ئامۆکەیی بریکاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و مامۆستا عەباس خدر سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لە ڕۆڵی جوامێرانەی مامۆستایانی ئاینی کرد لە پرۆسەکانی چاکسازیی کومەڵایەتی و پتەوکردنی پایەکانی ئاکارو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دەستگرتن بە بنەما و خەسڵەتە جوان و بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، سەرباری نەخشی بەرچاویان لە تێکۆشانی نیشتمانیی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستاندا، بەو پێیەی زۆربەی سەرکردەو کاراکتەرە سەرەکییەکانی شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردستان کەسایەتی ئاینی بوون یان لەژێر کاریگەریی گوتاری زانایانی ئاینیدا بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆک مام جەلال رابەری گەورەی کۆچکردوو، بەگرنگیی و بایەخەوە لە پێگەی مامۆستایانی ئاینی دەڕوانیی و هەمیشە لە پەیوەندیدابوو لەگەڵیانداو پێشنیارەکانیانی بەهەند وەردەگرت و داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ دەکردن. لەئێستاشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەسەر هەمان رێچکە بایەخی تایبەتی دەدات بە زانایانی ئاینی و رێز لە تێڕوانین و سەرنجەکانیان دەگرێت و کاریان لەسەر دەکات، بۆ لەمەودواش ئەو بایەخدانە زیاتر دەبێت.

لەدرێژەی قسەکانیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، داوای لە مامۆستایانی ئاینی کرد، مینەبەرەکانیان بکەنە سەکۆیەک بۆ  مکوڕکردنی رایەڵەکانی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان و کارکردن جددی بۆ هێورکردنەوەو نەهێشتنی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان. هاوکات گیانی خۆشویستنی خاک و وڵات و داکۆکیکردن لە حکومەتی هەرێم لەنێو گەنجان و چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەدا پەرە پێبدەن، ئەو حکومەتەی بەری رەنج و فیداکاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بێ گومان جیاوازیی هەیە لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی کە دەکرێت رەخنەی لێبگرین و هەوڵی چاکسازیی بدەین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە مامۆستا جەلال خێلانی و دکتۆر زەینەدین ئامۆکەیی لە دوو وتەی جیاجیادا سەرنجیان خستەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە مامۆستایانی ئاینی و لەو بارەیەوە کۆمەڵێک پێشنیاریان خستەڕوو.

هاوکات بەڕێز دابان شەدەڵە، باسی لە کێشەو ئاڵینگارییەکانی بەردەم کارەکانی حکومەتی هەرێم کردو هیوای خواست لە کابینەی ئایندەدا بتوانرێت باشتر خزمەت بە خەڵک بکرێت، جەختیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێم بەهەموو کەموکورتییەکانییەوە حکومەتی خۆمانەو قوربانی زۆرمان بۆ داوە، بۆیە دەبێت بەگیانی خۆمان بیپارێزین.

لەکۆتاییشدا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی تێڕوانین وسەرنجی خۆیان لەمەڕ کۆمەڵێک بابەتی جیاجیا خستەڕوو و روونکردنەوەی پێویستیان پێدرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP