واشنتن ترسی لە هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا هەیە

جیهان
13:42 - 2024-09-15

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی  ترسی هەیە لە هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا و هەوڵدەدات یارمەتی ئۆکرانیا بدات بۆ پاراستنیان.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کیێڤ دودڵ بون لە زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا، بەڵام ئێستا ئەمریکاو بەریتانیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەگەری ڕێگەدان بە ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنانی چەک بە مەودای دورتر بۆ لێدانی ئامانجەکان لە قوڵایی ناو ڕوسیا.

بەڕێوەبەری هەواڵگری ئۆکرانیا پێشبینییدەکات ڕوسیا پێش ساڵی 2026 هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا بدات، ئەوەش بەهۆی کێشە ئابورییەکان و بەتایبەت لە ئەنجامی سزاکانی ڕۆژئاواو پێویستی هەڵمەتێکی نوێی کۆکردنەوەی سەربازان.

لایخۆشیه‌وه‌ دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕوسیا دەتوانێت بە چەکی نائەتۆمی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەناوببات، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەکارهێنانی موشەکی دورمەودای ڕۆژئاوا لەلایەن ئۆکرانیاوە، لە کاتێکدا شرۆڤەکاران پێشنیاریان کرد کە بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ڕوسیا لە حاڵەتە توندەکان بریتی دەبن لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP