دژبه‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی رێكاری یاسایی ده‌گیردرێته‌به‌ر

عێراق
21:24 - 2024-09-16




 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەنجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ لێدوانەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی، حەیدەر حەنون ئاشكراكردو  ئاماژەی بۆئەوەكردووه‌:" لێدوانه‌كانی حه‌نون دوورن لە ڕاستییه‌وه‌و هه‌وڵێكن  بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی" ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بڕیارشیدا به‌ تۆمه‌تی سووکایەتیکردن بە دەسەڵاتی دادوەریی، رێكاریی یاسایی دژی ناوبراو بگیردرێته‌به‌ر"

ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٤، ئه‌نجوومه‌نی دادوەریی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌یخستووه‌ته‌ڕو كه‌:" ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ لێدوانه‌كانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت، (حەیدەر حەنون)ی لەو دوو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییه‌ی کە لە 1/7/2024 لە کۆمیسیۆنی دەستپاکی و ئه‌وه‌ی كه‌ لە ڕۆژی 4/9/2024 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو تاوتوێكردووه‌"

له‌ به‌شێكی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه‌:" به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی كه‌ سەرۆکی دەستەی چاودێریی دادوەریی ئه‌نجامیداوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌   هەموو ئەو پرسانه‌ی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی هەولێردا وتراوه‌، تەنیا تۆمەتی هەڵە بوونه‌ بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتیی"
 
ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ جه‌ختشیكردووه‌ته‌وه‌" به‌ لەبەرچاوگرتنی ئەو خراپ بەکارهێنانەی دژبه‌ دەسەڵاتی دادوەریی، ئەنجومەن بڕیاریدا پەیوەندی بە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەمەوە بکات بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەری ناوبراو بگرێتەبەر"

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: ئەنجومەن بڕیاریداوه‌ سوپاس و پێزانین، بەناوی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، پێشكێش به‌دادوەری یەکەمی دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ، زییا جەعفەر بكات، له‌ پای هەوڵە بەرزەکانی لە تەواوکردنی ئەو کارەی پێی سپێردراوە."  


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP