سه‌رۆك كۆماری ئێران: هیچ وڵاتێك ناتوانێت هێرشبكاته‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان

جیهان
11:54 - 2024-09-21



بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢١ی ئه‌یلولی 2024، به‌ بۆنه‌ی 44 یه‌مین ساڵیادی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق ـ ئێران كه‌ به‌ (هه‌فته‌ی به‌رگریی پیرۆز) له‌و وڵاته‌ ناسراوه‌، به‌ به‌شداریی یەکینەکانی زەمینی و ئاسمانیی و ده‌ریایی ، سوپای ئێران نمایشێکی سەربازیی لە تاران رێكخست.

 به‌پێی میدیاكانی ئێران، له‌و نمایشه‌ سه‌ربازییه‌دا ٢١ جۆری مووشەکی بالیستی نمایش کران، له‌نێویاندا موشەکی (جیهاد) كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار بوو، لەگەڵ دوو مووشەکی “خه‌یبەر خان”، مووشەکی “فەتح”، ٤ موشەکی “حاجی قاسم”، هه‌ردوو مووشەکی “قەده‌ر ح”، دوو مووشەکی “عیماد”، و ٣ مووشەکی “ خوڕەمشه‌هر، و ٤ مووشەکی (سجیل.)

به‌ وته‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی ئێران، مووشەکی "جیهاد" نوێترین مووشەکی بالیستی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانه‌.

له‌ میانی ئه‌و نمایشه‌ سه‌ربازییه‌دا مه‌سعود پزشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران وتارێكی خوێندنه‌وه‌و ستایشی تواناكانی به‌رگریی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كردو رایگه‌یاند: " "توانا به‌رگریی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كانی سوپای ئێران به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ په‌ره‌یسه‌ندووه‌و به‌ره‌وپێشچووه‌، به‌جۆرێك هیچ  وڵاتێك ناتوانێت بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ هێرشبكاته‌ سه‌ر ئێران".
 
پزشكیان باسی له‌وه‌شكرد كه‌: "جگە لەوەی دەتوانن بەرگریی لە خاکی وڵاتەکەیان بکەن، هاوپه‌یمانیی له‌ نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا هه‌بێت دەتوانن بەرگری لە ئاسایشی ناوچەکە بکەن و ئاشتیی و سه‌قامگیریی بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ربكه‌ن و پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئیسرائیل ببنه‌وه‌".

 سوپای ئێران هه‌موو ساڵێك له‌ 21ی ئەیلول یادی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ (هه‌فته‌ی به‌رگریی پیرۆز) ناونراوه‌، بەهۆی ئه‌و جه‌نگه‌وه‌ نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران و هه‌زارانی دیكه‌ش بریندار بوون و  بە ملیاران دۆلاریش زیان بە ژێرخانی هەر دوو وڵات کەوت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP