ئەگەری هەیە دۆخی سوریا ببێتە هەنگاوێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

جیهان
18:25 - 2024-12-20

بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا تەنیا لەو وڵاتەدا ناوەستێت و ڕووداوەكان بەشێوەیەكی خێرا دەگوزەرێن، لەپشتی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەوە پلانێك هەیە بۆ داڕشتنەوەى نەخشەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بەم پرسەش مستەفا تائی، شارەزا لە کاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: دوای ڕووداوەکانی غەززە و لوبنان و پاشان سووریا، ئێستا ئاراستەی ململانێکان بەرەو عێراق و تەنانەت ئێرانیش دەڕوات و نابێت عێراق دژی ئیرادەی گۆڕانکاری لەناوچەکەدا بوەستێت و ببێتە بەشێک لەو قەیرانەی بەرۆکی گرتووە.
نەخشەی گۆڕانکاری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی پەیوەستە بە نەهێشتنی هەیمەنەی ئێران و ڕاماڵینی چەک لەو هێزانەی لەژێر هەژمونی تاران کاردەکەن، هاوکات بە ڕەسمى داوا لە عێراق کراوە ئەو کارە بکات و شکستی حکومەتیش لەم دۆسیەیەدا ناسەقامگیری وڵاتەکەی لێدەکەوێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە گەورەبوونی هەژمونی سوننە و پاشەکشەی ناوەندی دەسەڵاتی شیعەلە عیراق، کە ئێران لە ناوچەکەدا نوێنەرایەتی دەکات، وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی لە بەغدا دەبینێت، ئەوە جگە لە مەترسی جارێکی دیکە بەهێزبوونەوەی گروپە توندڕەوەکان و گواستنەوەی تیرۆرە بۆ جوگرافیاکەی.
زەرەرمەندی گەورە لە کەوتنی ئەسەد، ئێرانە، چونکە تەنیا کاریگەری بەسەر بوونی ئێران لە سوریا نابێت، بەڵکو زیانێکی گەورەش بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت لەو وڵاتانەی، کە بەشێک بوون لە میحوەری مقاوەمە. ئەوە جگە لەوەی ئێران ژمارەیەک سەرکردەی گەورەی لەدەستدا و ملیاران دۆلاریشی لە سوریا خەرج کرد.
هەروەها تورکیا هیوای بە گروپەکانی نزیک لە خۆیەتی دەسەڵات وەربگرن و بەبەرژەوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانی لە سوریا بگات. چاوی لەسەر ئەوەیە، هەم ئایندەی سوریا وەک درێژکراوەی ناوچەی نفوزی خۆی لە ناوچەکە دابڕێژێتەوە، هەم ئەزموونی دەسەڵاتی کوردانی ڕۆژئاوا کۆتایی پێبهێنێت.
لەلایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل هەیە کە سوودمەندبوو لە کەوتنی دیمەشق چونکە ناوەندێکی دەسەڵاتی گرنگی هەژمونی ئێرانی بە تەنیشت خۆیەوە کۆتایی پێهێنا و پڕۆژەی هیلالی شیعی لاواز و بێهێز کرد.
لەئێستاشدا ئەگەری ئەوە هەیە، دۆخی سوریا ببێتە هەنگاوێک بەرەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست, لەم دۆخەشدا نەتانیاهۆ و ئەردۆگان، ئەم دوو کەسایەتیە دەبن، کە چاویان لەسەر ئەوەیە، نەخشەکە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژنەوەو کێبڕکێی ئەوەیانە کامیان دەبێتە پیاوی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP