وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستی بە گەڕاندنەوەی ئەو سەربازە سورییانە كردووە، كە لە كاتی كەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بۆ عێراق رایانكردبوو.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا
بڵاویکردەوە، هەزار و 905 سەربازی سووری کە لەکاتی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا
روویان لە عێراق کردبوو نێردرانەوە بۆ سووریا.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، دەشڵێت
لە رۆژی 7ـی ئەم مانگەدا، ژمارەیەک ئەندامانی سوپای سووریا لە ئەفسەر و پلەباڵاکان،
لەڕێگەی دەروازەی ئەبوکەمالەوە داوای هاتنە نێو خاکی عێراقیان دەکرد، دوای وەرگرتنی
رەزامەندی رەسمی رێگەیان پێدرا بێنە ناو خاکی عێراقەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە
جێگەیەک بۆ ئەو سەربازانەی سووریا ئامادەکرا و سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکیان بۆ
دابین کرا.
ئۆپراسیۆنەکانی عێراق، باسی لەوەشکردووە، لەسەر
بنەمای داواکاری گەلی سووریا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی دەروازەی قائیمەوە، لەسەر
خواستی خۆیان، هەزار و 905 ئەفسەر و ئەندامی سوپای سوریا، کە لە عێراق بوون نێردرانەوە
وڵاتی خۆیان.
ئەوەشی خستووەتەروو، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای
سووریا دەکەین ئەو سەربازانەی گەڕاونەتەوە لێبووردنیان بۆ دەربکرێت و بە سەلامەتی
بگەڕێندرێنەوە ناو خێزانەکانیان. دەشڵێت، سەرجەم ئەو سەربازانە چەکەکانیان لێوەرگیراوەتەوە
و لای وەزارەتی بەرگریی عێراقن، لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا دەگەڕێندرێنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP