پەیامی مەکتەبی سیاسیی بۆ ساڵرۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال

کوردستان
19:29 - 2024-10-02



لەرۆژێكی وەك ئەمرۆدا لە 3ی ئۆكتۆبەری 2017، كوردستان و عێراق و جیهان،  ڕابەرێكی مەزن، شۆرشگێرێکی پشوودرێژ، دیپلۆماتكارێكی بەتوانا و نوسەرێكی بە سەلیقە و مافناسێكی دادپەروەر و یەكسانیخواز و  سیمبولی پێكەوەژیان و خەباتی دیموكراسی لەدەستدا.
كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سکرتێری یەکێتیی و رابەری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان،یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراوی عێراقی دیموکرات و فیدرال ، هەموو لایەكی خەمبار و دڵتەنگ كرد، چونكە مام جەلال  لە ئەزموونی خەبات و تێكۆشانی زیاتر لەشەست ساڵیدا ، هەمیشە داكۆكیكار بوو لە کۆمەڵانی خەڵک ، لە ڕەنجدەرانی بیروبازوو، بەرگریكار و خەمخۆری خانووە قوڕەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و کەم ئەندام و زیندانیانی سیاسی بووە، هەموو هەوڵ و جولە  دیپلۆماسیەكانی بە ئاراستەی بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی و دیموکراسی  و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بووە بە مافی چارەی خۆنووسینیشەوە.

مامی گەورەمان رچەشكێن و سەرمەشقی  برایەتی گەلان ‌و چارەسەركردنی كێشەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق ‌و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێزە سیاسیەكانی كوردستان ‌و عیراقیش بووە، لە ناوچەكەش فاكتەری سەقامگیری و پەیوەندی باش و هاوسەنگ بووە لەگەڵ دەر و دراوسێی، بە ئەزموون و بیری وردی ئیدارەی كێشەو قەیرانە زۆرو زەوەندەكانی داوە.
لە ژێر چەتری  ڕابەرایەتی‌و سەرۆكایەتی مام جەلال دا، ئازادی بیرو ڕا، رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ خەباتی مەدەنی‌و دیموكراسیانەی هەموو چین ‌و توێژەكان  بە مافی بێچەند وچۆنی ژنانیشەوە گەشە و نمای كردووە، لەسەر ئاستی توێژ و چینەكانی كۆمەڵگا، بڕوای بەهێزی بە خەباتی رێكخراو و سەندیكاكان هەبووە، تا لە رێگەی خەباتی پیشەیی و مەدەنیەوە بتوانن ماف و ئازادی زیاتر بەدەست بهێنن بە تایبەتی خەباتی  خوێندكاران و لاوان و تێکۆشانی  یەكسانیخوازی ژنان .

ئەمرۆ لە كاتێكدا یادی ماڵئاوایی ئەو رابەرە مەزنەمان دەكەینەوە، كوردستان وعێراق زۆر پێویستیان بە دونیابینی و حیكمەت و دانایی سەرۆک مام جەلال هەیە، لەسەر ئاستی كوردستاندا  لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازداین، كە لەسەر ڕێبازەکەی نەخشەی حوكمرانی و هێز بە قازانجی دیموكراسی و باشبوونی بارو گوزەرانی خەڵكی كوردستان وەردەچەرخێنین.
لە ئاستی عێراق و ناوچەکەش دۆخی دژواری بەریەککەوتن و شەڕ و ناکۆکی دەورانێکی ناجۆری دروستکردووە کە هەر بە رۆحی ئاشتیخوازانە و دەستپێشخەری دانایی تێزەکانی سەرۆک مام جەلال رێئ چارەسەری دەدۆزێتەوە .
جارێکی تر لەم یادە شکۆمەندەدا : 
-سڵاو لە رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال، شکۆی نەتەوە و نیشتمان، سەممام ئەمانی وڵات. 
-نەمری بۆ گشت شەهیدانی گەلی كوردستان، شەهیدانی دیموکراتی و رزگاری عێراق لە ستەمکاری و دیکتاتۆری.
هەر ئاوەدان بێت رێبازی مام                                                                         
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٣ ی تشرینی یەكەمی٢٠٢٤

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP