قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە چوارچێوەی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی، هەردوو ناحیەی هێرۆ و هەڵشۆ و گوندەکانی دەوروبەری لە سنووری پشدەر بەسەر کردەوە و لەگەڵ دانیشتوانی هەردوو ناحییەکە کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ دانیشتوانی ناحییەکانی هێرۆ و هەڵشۆ، قوباد تاڵەبانی باسی لە جیاوازی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا ساختەکاری ناکرێت و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردو و خەڵکی ئاوارەوە هەوڵی بردنەوەی هەڵبژاردن بدات.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال باسی لە دۆخی یەکێتیشی کرد و ئاماژەی بەوەدا یەکێتی لە سەردەمی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیدا، زۆر جیاوازە لە چەند ساڵ لەمەوبەر و ئێستا یەکێتی یەکدەنگ و یەک بڕیارە و سەرۆکی یەکێتیش بەوە ناسراوە کە خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و هەر بەڵێنێک بدات، جێبەجێی دەکات.
وتیشی وەکچۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵێنی بە کەرکوکییەکان دا کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنێت و پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک دادەنێت و جێبەجێی کرد، وەک چۆن لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەندین بەڵێنی دیکەی جێبەجێ کردوە و هاوسەنگی هێزی گەڕاندەوە، ئەمجارەش بەڵێنەکەی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێم جێبەجێ دەکات، هەربۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان بە دەنگدان بە یەکێتی پشتگیری سەرۆک بافڵ بکەن بۆ گۆڕینی شێوازی حکومڕانی.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان و جگە لە یەکێتی، هیچ لایەنێکی دیکە ئەگەر تەنانەت خواستی گۆڕانکاریشیان هەبێت، کەرەستەی پێویستیان نییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستان. هەربۆیە سەرخستنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەرگا بەڕووی ئەو گۆڕانکارییە دەکاتەوە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن و داوای دەکەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP