شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ خزمانی عەشیرەتی شێخ سمایلی کۆبووەوە

کوردستان
20:36 - 2024-10-06



ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی شانەدەریی سەر بەقەزای سەید سادق، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە خزمانی عەشیرەتی شێخ سمایلی کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و عومەری حاجی ئەحمەد لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی شارەزوورو کاک سالاری مامە نەسە، سەرۆکی عەشیرەتی شێخ سمایلی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی ناوچەکە ئامادەیبوون، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، کورتە باسێکی لەسەر مێژووی پڕ لە سەروەری خزمانی شێخ سمایلی و ناوچەی شاەزوور بەگشتی پێشکەشکرد کە شانازی ئەوەیان بەردەکەوێت یەکەم مەفرەزەی سەرەتایی شۆڕشی نوێ لەو ناوچەی ئەوانەوە مژدەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی بەگوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دا، بەوهۆیشەوە هەمیشە سووتەمەنی شۆڕش بوون و قوربانی گەورەیان لەپێناو گەیشتن بەمافە رەواکانی گەلەکەماندا بەخشیووە، بۆیە یەکێتی بەچاوی رێزەوە لە فیداکاریی خزمانی شێخ سمایلی و دانیشتوانی ناوچەکە دەڕوانێت.

هەڤاڵ شێخ جەعفەر، بەئامادەبووانی راگەیاند: حکومەتی هەرێم، بەرهەمی خوێنی شەهیدانی ئێوەو ناوچەکانی تری کوردستانە، بۆیە دەبێ بەخوێن بیپارێزین و جیایبکەینەوە لەو دەسەڵاتەی لەم ساڵانەی دواییدا بەلاڕێدا براوەو دوور کەوتووەتەوە لە ئامانج و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی بیهێنینەوە سەر رێگای خزمەتکردنی میللەت دەبێ لەڕێی دەنگدان بەلیستی 129ی یەکێتی، زۆرترین کاندیدی دڵسۆز بنێرینە پەرلەمان و لەوێشەوە حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبهێنین کە بەرجەستەی ئازارو نەهامەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بێت و بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بکات و ئومێد بۆ خەڵک بگێڕێتەوە.

هاوکات جەختیکردەوە کە پێویستە هەمووان، بەخۆمان و کەسوکارو کەسانی دەوروبەرمانەوە رۆژی 20ی ئەم مانگە بچینەسەر سندووقەکانی دەنگدان و گەورەترین سەرکەوتن بۆ لیستی 120ی یەکێتی تۆمار بکەین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP