شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەشارەزوور پەردەی لەسەر وێنەی سەرۆکی یەکێتی لادا

کوردستان
20:38 - 2024-10-06




ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەرێوڕەسمێکدا لە سەراوی سوبحان ئاغا، پەردەی لەسەر وێنەی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لادا.

لەو رێوڕەسمەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و عومەری حاجی ئەحمەد لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی شارەزوورو ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی سنوورەکە ئامادەیبوون، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد لە بەهێزکردنەوەو بەپێشەنگکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رایگەیاند: سەرۆک بافڵ لەوپەڕی بێ ئومێدیدا توانی یەکێتی بکاتەوە بە حزبەکەی سەرۆک مام جەلال، هەربۆیە لەئێستادا زۆربەی خەڵکی شارو شارۆچکەکانی هەرێم شانازی پێوەدەکەن، هەروەک زۆرێک لەو هەڤاڵانەی پێشتر لەبەر هۆکاری جیاجیا لە یەکێتی دوور کەوتبوونەوە، لەئێستادا بەهۆی سیاسەتی راست و رەوانی سەرۆکی یەکێتی، دەگەڕێنەوە ناو ریزەکانی حزب و درێژە بەخەبات دەدەن، هەموو ئەوانەش گوڕو تینێکی گەورەیان داوەتە خەباتی لێبڕاوانەی یەکێتی کە پێشبینی سەرکەوتنی بەرچاوی لێدەکرێت.

لەبەشێکی دیکەی وتەکەیدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، دوا پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی بۆ ئامادەبووان روونکردەوەو رایگەیاند: یەکێتی هەرگیز سازش لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی ناکات، لەبەرانبەردا لەپێناو بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵک ئامادەیە دەستی هاوپەیمانی و یەکڕیزی بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکان درێژبکات، بەئامانجی پتەوکردنی پێگەو شکۆی کورد، بەڵام هەندێ لایەن هەر دەستپێشخەرییەکی لەو چەشنە رەتدەکەنەوە.

لەکۆتایشدا هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا،  ئامادەبووانی هاندا رۆژی هەڵبژاردن بەپەرۆشەوە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان ولەڕێی دەنگدان بە لیستی 129ی یەکێتی، پەرلەمان وحکومەتێک پێکبهێنن کە هەڵقوڵاوی ئیشوئازارەکانی میللەت بێت و ئەوە بۆ دەسەڵات بسەلمێنن کە خستنەسەر دەسەڵات و لابردنیشیان لە دەسەڵات هەر بەئیرادەی گەل دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP