نه‌بوونی شوێن بۆ كۆگاكردنی گه‌نم زیانی نێو ملیار دینار له‌ ئابووری عێراق ده‌دات

ئابوری
12:57 - 2024-10-12



بەهۆی زۆریی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم و نەبوونی شوێنی کۆگاکردن، عێراق نیو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەته‌وە، ئەمساڵ عێراق لە کۆی بەرهەمی گەنمی جوتیاران، یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن زیادەی هەبووە، ئەمەش بەهۆی ئەو بارانه‌ زۆرەی ئەمساڵ وڵاتەکەی گرتەوە و هاوکات ئەو نرخە زیادەیەی بۆ پاڵپشتی جوتیاران دیاریکرا بوو.

باسی له‌وه‌شكردووه‌:" عێراق گەنم بە 850 دینار بۆ هەر کیلۆیەک  گەنم لە جوتیاران دەکڕێتەوە و بە 450 دینار بە ئاشەکانی دەفرۆشێت بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، جگە لەوەش وڵاتەکە ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 5 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە شەش ملیۆن و نیو  تۆن بەو پێیەش 1 ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم زیادەی هەبووە، بەو هۆیەوە وڵاتەکە زیاتر لە 458 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.

لای خۆیەوە حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق رایگەیاندوە، راستە ئەمساڵ بەرهەمی زیادەی گەنممان هەبووە، بەڵام ئێمە بە زیان هەژماری ناکەین، چونکە تا ئێستا لە ناوخۆی وڵاتدا ماوەتەوە و پارەکەشی بە دیناری عێراقی خەرجکراوە.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP