پارتی دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دووپاتكرده‌وه‌

کوردستان
15:46 - 2024-10-16


پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ره‌سمی دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاوه‌ دووپاتكرده‌وه‌و سكاڵای یاسایی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕ‌یارو ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و خوله‌ی ئه‌نجومه‌نه‌ی كه‌ پارێزگار تێیدا هه‌ڵبژێردرا، تۆمار كرد. 

به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئه‌مڕ‌ۆ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ستكه‌وتوون، كه‌ درێژكراوه‌ی كه‌تنی ریفراندۆم و دژایه‌تی پارتییه‌ بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان، پارتی له‌ڕ‌ێی هه‌ریه‌ك له‌ حه‌سه‌ن مه‌جید و شۆخان حه‌سیب ئه‌ندامانی كوتله‌ی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌، له‌ دادگای دادوه‌ری كارگێڕ‌ی سكاڵایان دژی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك- تۆمار كرد، كه‌  جگه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی، داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕ‌یاره‌كانی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ 10/8/2024 به‌ڕ‌ێوه‌چوو، كه‌ تێیدا رێبوار ته‌ها وه‌ك پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرا، دادگا 16ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵی وه‌ك واده‌ی ئیدانه‌كردن له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ دیاریكرد.

رۆژی 10ی ئابی 2024 ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دانیشتنێكی له‌ به‌غدای پایته‌خت گرێداو رێبوار ته‌ها سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی كه‌ركوك هێزو ئیراده‌مانه‌ و كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك هه‌ڵبژارد، جگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی محه‌مه‌د حافز له‌پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. 

له‌و دانیشتنه‌دا 9 ئه‌ندام به‌شداری دانیشتنه‌كه‌یان كرد، پێنج ئه‌ندامی كوتله‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، 3 ئه‌ندامی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی و نوێنه‌ری مه‌سیحییه‌كانی كۆتا، هاوكات 7 ئه‌ندام بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد، 2 ئه‌ندامی كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، 2 ئه‌ندامی توركمان و ٣ ئه‌ندامی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی.

ئێستا له‌ ئه‌نجومه‌نی خۆجێی كه‌ركوك ته‌واوی پێكهاته‌كان به‌ كوردو عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحییه‌كان به‌شدارن و له‌م هه‌فته‌یه‌دا جێگری یه‌كه‌می پارێزگاریش له‌پیكهاته‌ی توركمان هه‌ڵبژێردرا.

هه‌ڵبژاردنی رێبوار ته‌ها بۆ پارێزگاری كه‌ركوك به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌لایه‌ن هه‌موو هاووڵاتیانی كه‌ركووكه‌وه‌ پێشوازیلێكرا، به‌تایبه‌تی پێكهاته‌ی كورد، به‌و پێیه‌ی ساڵانێك بوو سه‌رده‌می پارێزگاری سه‌پێنراو به‌ وه‌كاله‌ت كۆتایی هاتبوو، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دژایه‌تی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كردو چه‌ندینجار هه‌وڵی په‌كخستنی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی دا، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی شكستیهێنا.

رۆژی 18/12/2023 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به‌ڕ‌ێوه‌چوو، تیایدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پله‌ی یه‌كه‌می له‌پارێزگای كه‌ركوك به‌ده‌ستهێناو پێنج كورسی به‌ده‌ستهێناو كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی پارێزگار به‌وه‌كاله‌تی خۆسه‌پێن هێنا، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی ده‌كردو له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری دوای ریفراندۆمه‌كه‌ی 2017 ه‌وه‌ پارێزگاری كه‌ركوك بوو، پارتی ئه‌وكاتیش بۆماوه‌ی 7 ساڵ دژایه‌تی دانانی پارێزگارێكی كوردی كرد.

دەقی سكاڵاكەی پارتی دیموكراتی كوردستان:



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP