كەركوكییەكان پاداشتی بەرگریی 16ـی ئۆكتۆبەریان دایەوە بە یەكێتی

کوردستان
18:04 - 2024-10-16


16ـ ی ئۆكتۆبەر دەرئەنجامی ریفراندۆم بوو و خیانەتێك بوو لە گەلی كوردو یەكێتی كرا، كە بەهۆیەوە دەیان فەرماندەو پێشمەرگەی یەكێتی شەهیدو برینداربوون و لە 51% ی خاكی كوردستان لەدەستدرا، لەكاتێكدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان كە سەرۆكی هەرێمی ئەوكات بوو هیچ بڕیارێكی بۆ شەڕكردن بەرامبەر هێزە عیراقییەكان دەرنەكرد.

هەرچەندە لە 16ی ئۆكتۆبەردا پیلانێك هەبوو بۆئەوەی هێزەكانی یەكێتی بەتەواوەتی لەناوببەن، بەڵام تاكە هێز كە شەڕی كرد یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، دواتریش زۆر بەباشی ئیدارەی بارودۆخەكەی دا، لە كەركوك مایەوەو پارێزگاری لە خەڵكی شارەكە كرد، كەركوكییەكانیش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا  پاداشتیان كرد.

تەنها هێزەكانی یەكێتی لەكەركوك شەڕیان كرد
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك – سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "16ـی ئۆكتۆبەر لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئەو بڕیارەی كە درا، پێش رووداوەكان لە كەركوك كۆبوونەوەیەكمان كردو وتم گەر بەو شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ كەركوك بكەین لەدەستی دەدەین، بە كاك مەسعودیشم وت، گەر ئەمە بۆ مەسەلەی دەوڵەتی كوردییە خۆم دەدەم بەكوشت لەپێناویدا، لەلایەكی دیكەشەوە كۆچی دوایی مام جەلال كەلێنێكی گەورەبوو، گەر جەنابی مام جەلال لە ژیاندا بووایە ئەم بارودۆخە بەسەر كورد و كەركوك دا نەدەهات".

ئاماژەی بۆئەوەشكرد: "كاتێك هێزەكانی عیراق هاتنە نزیكی كەركوك، هێزەكان نابەرامبەر بوون و هاوپەیمانەكان پێیان وتین كە بەو هێزە ناتوانن رووبەڕوویان ببنەوە، جیاوازی لە دابەشكردنی چەك و هاوكارییەكان هەبوو، بەشێك لەو هاوكارییانەی دەهات لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دەڕۆشت و دیارنەدەماو بەشێكی كەمی دەگەشتە سنوورەكانی ئێمە".

"فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان كە سەرۆك هەرێمی ئەوكات بوو هیچ بڕیارێكی بۆ شەڕكردن بەرامبەر هێزە عیراقییەكان دەرنەكرد، هەروەها تاكە هێز كە شەڕی كرد هێزەكانی یەكێتی بوون، شەهیدان و قوربانییەكانمان شاهێدی ئەوە دەدەن"،
"پیلانێك هەبوو بۆئەوەی هێزەكانی یەكێتی بەتەواوەتی لەناوببەن، ئەوەشی كە لە پردێ باسی دەكەن زۆر باش دەزانم فیلمەكە چۆن بووە، ئەو تیمەی دەبابەكەی تێكشكاند ئەڵمانی بوو و بە چەكی ئەڵمانی تێكیان شكاند" ئاسۆ مامەند وای وت.


"خەڵكی كەركوك لەوە تێگەیشت كە تاكە هێز بتوانێت پارێزگارییان لێ بكات یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەڵبژاردن سەلمێنەری ئەو راستیەیە، دوای هەڵبژاردنیش پیلانی گەورە هەبوو لەپێناو ئەوەی پارێزگاری كەركوك كورد و یەكێتی نەبێت، ئەوانەی كە لە میدیا قسەیان بە راكان جبوری دەوت هەر خۆیان بوون لەگەڵی رێككەوتن لەپێناو ئەوەی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی نەبێت"، ئاسۆ مامەند وادەڵێت.

شێخ جەعفەر: یەكێتی لەكەركوك شەڕی كرد، بەرگری كردو خوێنی بەخشی
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە رایگەیاند: "بە ئەنجامدانی ریفراندۆم هۆكارێك كەوتە دەست عیراق و دەوڵەتانی دراوسێ كە 16ـی ئۆكتۆبەر رووبدات".

"لە خوار خورماتوو و داقوق و كەركوك هێزەكانمان پشت و پێشیان گیرابوو، بۆیە نەدەتواندرا شەڕبكرێت، جگە لەوەی ئەگەر هەندێك لەهاوپەیمانان و وڵاتەكانی دیكە پشتگیری هێزە عیراقییەكانیان نەكردایە هەرگیز جورئەتی ئەوەیان نەبوو پەلاماری هێزی پێشمەرگە بدەن"، شێخ جەعفەر وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەڕی كردووەو بەرگری كردووە، خوێنی بەخشیوە زیاتر لە 150 تێكۆشەرمان بووەنەتە قوربانی"، "بە بینینی ئەو چەكانەی كە دانرابوو كەركوك و ناوچە كوردییەكانی پێ داگیر بكرێت، بیرۆكەیەكی باش بوو كە لەناو كەركوك دا شەڕمان نەكرد، چونكە گەر وامان بكردایە جارێكی دیكە كورد نەیدەتوانی بچێتەوە كەركوك و هەموویان دەربەدەر دەكرد، یەكێتی زۆر بەباشی ئیدارەی بارودۆخەكەی دا، لە كەركوك مایەوە و پاریزگاری لە خەڵكی شارەكە كرد، كەركوكییەكانیش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو حەقەیان دایەوە بە یەكێتی، ئەگەر یەكێتی بەرگری لە خەڵكی كەركوك نەكردایە دەنگیان پێ نەدەدا"، شێخ جەعفەر وای وت.

هیوا عەبدوڵڵا: 16ی ئۆكتۆبەر هەڵەی بڕیارە سیاسییەكان بوو
هیوا عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی: "عیراقییەكان پێشنیار یانكرد كە تەنها بێنە سێ شوێنی كەركوك، ئەوانیش فڕۆكەخانەی كەركوك، بارەگای كەیوان و ئەو ناوچانەی كە بیرەنەوتەكانی لێبوو، هەستیشی دەكرد نەوتەكەی رەوانەی توركیا دەكرێت، ئێمەش بە پێشنیارەكەیان رازی نەبووین".

"هەڵە لە هێزی پێشمەرگەوە نەبوو، هەڵە لە بڕیارە سیاسییەكان بووە كە گوێیان لەكەس نەگرت و بڕیاریاندا، بەداخەوە كە ئێمە لە ریفراندۆم هاوڕا نەبووین، ویستێك هەبوو كە بەمە شكستی ریفراندۆم بخەنە ئەستۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بڵێن كەركوكی بەدەستەوەداوە، لەكاتێكدا هەموو ئەو هێزانەی كە لێرەبوون نزیكبوون لێمانەوە، نەمانبینی شەڕ بكەن و بەرگری بكەن، ئەوانەی كە پارتی تەخوینی دەكردن هاتنەوە داوای دەنگیان لێكردن، لەو ململانێ و هەڵچوونانەشی كە ئاماژەیان پیدا جارێكی دیكە چوار گەنجی ئەم شارە خوێنیان رژا لەپێناو وەرگرتنەوەی بارەگایەكدا"، هیوا عەبدوڵڵا وای وت.

محەمەد عوسمان: 16ـی ئۆكتۆبەر پیلانێكی پێشوەختەبوو بە بەشداری پارتی
محەمەد عوسمان ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق: "لە ساڵی 2013 پارتی رێككەوتبوو لەگەڵ حكومەتی عیراقی و توركیاو لایەنەكانی دیكە بۆئەوەی لە كەركوك بكشێنەوەو بێنە هەولێر، باشترین دەلیلیش ئەو خەندەقە بوو كە بەدەوری هەولێردا هەڵیانكەندو كەركوك و پردێ و ناوچەكەیان خستە دەرەوەی بازنەكە".

"دوو بەڵگەی زیندوو هەیە كە كێ وایكرد 16ـی ئۆكتۆبەر رووبدات، یەكێك لە بەڵگەكان ئەوەیە كە كاك مەسعود بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی برومبێرگی ئەمریكی زۆر بە ئاشكرا دەڵێت، ئێمە رێككەوتووین بگەڕێینەوە هێڵی 36، لە هەمان كاتدا كاك فازڵ میرانی قسەی بۆ ئەلحەدەس كردووەو دەڵێت، ئێمە بە رێككەوتن هاتووینەتەوە هێڵی 36، ئەمانە لە پشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەموو شتێكیان تەواوكردبوو"، محەمەد عوسمان وادەڵێت.

ئاماژەی بۆئەوەشدا: "هێزی پێشمەرگە و هێزی عیراقی نابەرامبەر بوون، هەروەها رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی كرابوو، بۆ یەكەم جارە دوو دوژمنی گەورەی یەكتر كە ئێران و ئەمریكان پێكەوە رێككەوتن كە پەلاماری ئەو ناوچانە بدەن، كەواتە ئەمە پیلانێكی دارێژراوی پێشوەختەبوو كە پارتیش تێیدا بەشداربوو، بەڵام یەكێتی ئاگادار نەبووە، هەركەسێكیش بیەوێت باسی 16ـی ئۆكتۆبەر بكات دەبێت بیگەڕێنینەوە بۆ ئەو خیانەتەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردووە ".

دەشڵێت: "برایانی پارتی رێككەوتبوون لەگەڵ حكومەتی عیراقیدا، تەنانەت باسی ئەو هێزەش كرابوو كە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بوون و پارتی وتبوی ئیمكانییەتێكی زۆری دەوێت بۆ كشانەوە، 400 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی ئەو هێزەی پێ بكشێننەوە" "كۆمەڵێك پۆستی زۆر كە دەكرا خزمەتی خەڵكی پێ بكەین تەسلیمی عەرەبیان كردو دوایش دەیانوت یەكێتی خیانەتی كردووە، هەموو هەوڵێكمان دا وتمان وەرن با پێكەوە پارێزگارێكی كورد هەڵبژێرین ئەوەشیان نەكرد، تەنانەت هەندێك لە عەرەب و توركمانەكان ویستیان بێن لەگەڵ ئێمە پارێزگارێكی كورد هەڵبژێرین، بەڵام پێیان وترابوو كە نەچنە كۆبوونەوەكە تەنانەت پارەیان بە عەرەب و توركمانەكان دابوو، بۆیە ئەو كارەساتەی بەسەرماندا هات هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان".

باڵانبۆ محەمەد: 16ـی ئۆكتۆبەر خیانەتێك بوو لە كوردو یەكێتی كرا
باڵانبۆ محەمەد فەرماندەی پێشوو لە هێزەكانی پێشمەرگە: "16ـی ئۆكتۆبەر لە ئەنجامی ریفراندۆم بوو، ئەوەش لەبەر كات و ساتەكەی نەك بڵێین گەلی كورد لەگەڵ ریفراندۆم نییە، بەداخەوە سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان كاك مەسعود بارزانی بێ ئەوەی گوێ بدات بە لایەنە سیاسییەكان و دڵسۆزانی گەلی كورد وای كرد ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەمەش هۆكاری روودانی 16ـی ئۆكتۆبەر بوو".

"سەعات 2 و 27 دەقیقە بوو  كە یەكەكانی سوپای عێراق دەستیان بە جوڵە كردو یەكەم تەقە ئاڕاستەی لیوای 2ـی تایبەت كرا، بەداخەوە لەبەر نابەرامبەری هێز، سوپای عیراق سەنگەرەكانی بەرگریی هێزی پێشمەرگەیان تێكشكاندو شەهیدو بریندارێكی زۆرمان هەبوو، دواتریش هێزەكانی عیراق بەرەو ئێمە هاتن و شەهید و برینداری زۆرمان بەخشی، هۆكاری هەموو ئەمانەش سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگەی كوردستانی ئاگادار نەكردبووەوە، هیچ ئاگاشی لەوە نەبوو لە كەركوك چی روودەدات، ئەگەر پیلان نەبووایە دژی یەكێتی، دەبوایە خۆی لە نزیك بەرەكانی شەڕ بووایە"، باڵانبۆ محەمەد وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا: "كاتێك كە هێزێك رووبەڕووی هێزێكی دیكە دەبێتەوە، پێویستە فه‌رمانده‌ی هێزە چەكدارەكان فەرمان دەربكات بۆ رووبەڕووبوونەوە، ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبێ ئاگا یان بە پیلان وایكرد ئێمە رووبەڕووی هێزێكی نابەرامبەر ببینەوە، ئاگاداربووین كە پێشتر سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و وەزیری بەرگری عیراق رێككەوتبوون كە لەدوای كۆتاییهاتن بە شەڕی تیرۆرستانی داعش، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە ئەو سنوورانەی كە پێشتر خۆی لێبووە، ئەمەش لەپێناو دەستكەوتنی سەروو 400 ملیۆن دۆلار، بەداخەوە خیانەتەكە ئەوانبوون لە گەلی كورد و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیان كرد".

 حەوت ساڵ پێش ئێستا لە شەوی 16-10-2017 حەشدی شەعبی و سوپای عیراق هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی بەشیرو دوای چەند سەعاتێك بەرگری، 38 پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەهیدبوون و چەندین پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون، شەهیدو برینداربوونی زیاتر لە 140 پێشمەرگەی یەكێتی بەڵگەی راستییەكانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرن و بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانی سەلماند تەنها یەكێتی بوو كە بۆ ماوەیەك بەرگری كرد، چونكە وەك دەزانن لەو ناوچانەی كە هێزی یەكێتی لێنەبوو لەو رووداوەدا بێ تەقە چۆڵكران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP