خانمی یەكەمی عیراق زانكۆی سلێمانی خه‌ڵات ده‌كات

کوردستان
19:06 - 2024-10-16


خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق لەلایەن زانكۆی سلێمانی (زانكۆی دایك) و سەركەوتنی مێژوویی لەئاستی جیهان لەڕیزبەندی تایمز هایەر ئیجوكەیشن، سەردانی زانكۆی سلێمانی كرد.

سەرباری پیرۆزبایی خانمی یەكەم سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كرد لەبەرامبەر خزمەت و هەوڵ و پەرۆشی بۆ بەرەوپێشبردنی رەوتی زانست و پەروەردە و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن سەرباری قەیران و بەربەستەكان و دڵسۆزییان بۆ سازدانی چالاكی ئەكادیمی لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و خزمەتكردنی كۆمەڵگە.

پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد سوپاسی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی كرد بۆ سەردان و پێزانینەكانی و رایگەیاند، وەك ستافی ئەكادیمیستی زانكۆ ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن تا لەخزمەتی رەوتی زانست و خوێندنی باڵابن لەشاری سلێمانی، هاوكات سوپاسی ئەنجومەنی زانكۆ و مامۆستایان و توێژەرانی كرد بۆ هەوڵ و تەقەڵاكانیان.

دواترو بەبەشداری خانمی یەكەمی عیراق، لەمیانی رێورەسمێكدا كەبەو بۆنەیەوە و بەئامادەبوونی دكتۆر ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەدروشمی مێژوویەك لەشكۆ ئایندەیەك لە داهێنان، زانكۆی سلێمانی ئاهەنگی سەركەوتنی خۆی سازكرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP