كۆمسیۆن: دەنگە پوچەڵەكان لەڕێژەی یاسایی دەرنەچووە

کوردستان
18:02 - 2024-10-23


وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هۆكاری دەنگی پوچەڵ لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەگەیەنێت و ئاماژەو بەوەشدەكات: "رێژەی دەنگە پوچەڵەكان ئاساین و لەڕێژەی یاسایی دەرنەچووە".

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لەئێستادا كۆمسیۆن سەرقاڵی پۆڵێنكردنی سكاڵاكانەو بەپێی وردبینییەكان پێدەچێت زۆربەی سكاڵاكان زەردو سەوزبن، واتا سكاڵای سووری تێدا نییە كە لەلای كۆمسیۆن جێی بایەخە".

 " كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەڕۆژانی داهاتوودا، پێش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی پڕۆسەكە، كاندیدەكان بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو داتاو ئامارانە بخاتە بەردەستیان كەسكاڵایان لەسەر بووە، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەكە بۆ ئەو لایەنانەی كەگومانیان لەپڕۆسەكە هەیە" جومانە غەلای وایوت.

وتەبێژی كۆمسیۆن راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆری دەنگ پوچەڵ بووە، بەڵام ژمارەكە لەڕێژەی یاسایی دەرنەچووە، هۆكاری دەنگە پوچەڵەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەدەنگدەر تەنها كاندیدی هەڵبژاردووەو قەوارەی هەڵنەبژاردووە، یان بەشێك لەوەرەقەی دەنگدانەكان خاڵین واتا مۆر لەژمارەی هیچ كاندیدو قەوارەیەك نەدراوە، هۆكارێكی دیكەی دەنگە پوچەڵەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كەدەنگدەر لەیەك كاتدا دەنگی بەقەوارەو كاندیدێكی سەربەخۆش داوە، كە ئەمەش بەپێی یاسا پوچەڵەو دەبوو قەوارەو كاندیدەكان لەوبارەیەوە روونكردنەوەی زیاتریان بەدەنگدەران بدایە".

بەپێی زانیارییەكان، دەنگی پوچەڵ لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا 209 هەزارو 200 دەنگ بووە، كەزۆرترینیان لەبازنەی هەولێر بووەو 97 هەزارو 400 دەنگ بووە، لەبازنەی سلێمانیش 90 هەزارو 500 دەنگی پوچەڵ هەبووە، هاوكات لەبازنەی دهۆكیش 18 هەزارو 600 دەنگی پوچەڵ هەبووە، ئەمەش لەكاتێكدایە لەبازنەی هەڵەبجەش 2 هەزارو 700 دەنگی پوچەڵ هەبووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP