عەشیرەتی بابۆڵی رەتیدەكەنەوە پەيوەندییان بە پارتی ــ یه‌وه‌ هەبێت

کوردستان
18:24 - 2024-10-16



عەشیرەتی بابۆڵی بەناوی 127 گوندەوە رەتیدەكەنەوە كە ئەوان پەوەندییان بە پارتی دیموكراتەوە هەبێت و رایدەگەیەنن: "كەسێك بەناوی زوبێر سمایل و دوو كوڕییەوە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە، بوون بەپارتی".

لە راگەیەندراوێكدا بەناوی عەشیرەتی بابۆڵی-یەوە، ئاشكرایدەكات: "لێدوانی ئەو كەسەو دوو كوڕەكەی رەتدەكەینەوە كە بەناوی عەشیرەتی بابۆڵێ 127 گوند كردویەتی" و دەڵێن: "ئەو كەسە تەنیا گەورەی ماڵی خۆیەتی و هیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆك عەشیرەتەوە نییەو تەنانەت سەرۆكی هیچ هۆزێكی نێو چوار عەشیرەتەكەی بابۆڵی-ش نییە".

لەوبارەیەوە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتەبێژێك بەناوی عەشیرەتی بابۆڵییەوە رەتیكردەوە كە پەیوەندیان بەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەبێت و رایگەیاند: "نابێت رێڕەوی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەلایەن هیچ حزب و لایەنێكەوە بەلاڕێدا ببرێت و ناوی عەشیرەتی بابۆڵی بەكاربهێندرێت".

وتیشی: "هیچ كام لە چوار سەرۆك عەشیرەتە سەرەكییەكەی بابۆڵی پەیوەندیان بە پارتییەوە نەكردووە، وەك ئەوەی كەسێك هەواڵی ناڕاستی بڵاوكردووەتەوەو میدیاكانی ئەو حزبەش بڵاویان كردووەتەوە كە دوورە لەڕاستییەوە".

هەر لەو كۆنگرەیەدا ئەوەشی راگەیاند: "عەشیرەتەكەیان هەر لەهەكارییەوە تاوەكو ئێستا رۆڵیان لەشۆڕشی نوێ و شۆڕشەكانی بزوتنەوەی كوردایەتیدا هەبووەو درێغیان نەكردووە، بەناوی هەر چوار سەرۆك هۆزەكەشەوە رەتیدەكەنەوە پەیوەندیان بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەبێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP