قوباد تاڵەبانی و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان: لایەنەکان رێز لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن بگرن

کوردستان
17:01 - 2024-10-16


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە محەمەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئه‌مڕۆ چوارشەمە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە دکتۆر محەمەد ئەلحەسان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نێردەی نوێی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیداو ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.

لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا. هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و رێزگرتنی لایەنەکان لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کرد و بە گرنگی زانی بۆ پاراستنی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و بەهێزترکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی ئاستی متمانەی هاوڵاتییانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانیش بە پرۆسەکە زیاتر ببێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP