وردبینی بۆ وێستگە هەژمارنەکراوەکانی سلێمانی دەكرێت

کوردستان
15:45 - 2024-10-23


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق وردبینی بۆ دەنگی وێستگە هەژمارنەکراوەکانی سلێمانی دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی رابردوو وردبینیەکە بۆ دهۆک بوو، سبەینیش بۆ هەولێر دەبێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەستی بە وردبینی بۆ ئەو وێستگانەی دەنگدان کرد کە هەژمار نەکراون و پرۆسەکەش لە سێ رۆژدا تەواو دەبێت، سەرەتا رۆژی 22ـی 10ـی 2024 لە دهۆکەوە دەستیپێکرد و ئەمڕۆش لە سلێمانی و سبەینێش لە هەولێر وردبینی ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی ئاگاردارکردنەوەیەکی پێشتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق ، سەعات 9:00ـی سەر لەبەیانی وردبینی لە دەنگی ئەو وێستگانەی سلێمانی دەکرێت کە ئەنجامەکانیان رانەگەیەندراون.

بەپێی کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەی رۆژی 21/10 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق کە بۆ راگەیەندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رێکخرا، زانیاری دەنگی 26 وێستگە نەگەیشتوونەتە کۆمیسیۆن.
 
پرۆسەی وردبینیەکە رۆژی 22ـی 10 لە دهۆک-ەوە دەستیپێکرد و ئەمڕۆش وردبینی بۆ وێستگەکانی سلێمانی دەکرێت و رۆژی 24ـی 10ـش وردبینی بۆ وێستگەکانی هەولێر دەکرێت، کۆمسیۆن ئاگاداری سەرجەم بریکار و هاوپەیمانی حزب و چاودێرانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و راگەیاندنکاران دەکات کە دەتوانن لە نزیکەوە چاودێری ئەو پرۆسەیە بکەن، کە لە ناوەندەکانی وردبینی دەکرێن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە رێژەی 99.63%ی تەواوی دەنگدان بوو. 
 
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لە 18ـی 10 بە دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و دوای 48 سەعات لە 20ـی 10 دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەبرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP