پارتی بۆ بانگه‌شه‌ی حزبی یەکەی نیشته‌جێبوونی کرێنشینان دابه‌شی سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌كات

کوردستان
16:36 - 2024-10-16

ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە بڕیاربووە بەسەر کرێنشیناندا دابەشبکرێت، دەزگای خێرخوازی بارزانی بە نایاسایی بەسەر بنەماڵەی شەهیداندا دابەشیکردووە، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان لقی هەولێریش دەڵێت: " یاری بە هەستی کرێنشینان کرا، ناکرێت دەزگای خێرخوازی بارزانی هەل بقۆزێتەوە بۆ بانگەشەی حزبەکەی، گەر زۆر لە خەمی بنەماڵەی شەهیداندان دەیانتوانی لە پڕۆژە فیرعەونییەکانیان یەکەی نیشتەجێبوونیان پێبدەن".

کارزان رەسوڵ سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان لقی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "ئەو زەویانەی کە بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەشکرا مافی کرێنشینەکان بوو، ئەو پڕۆژەی کە زەوی بەسەر کرێنشینان دابەشبکرێت هی ساڵی 211ـە، دواتر درا بە دەزگای خێر خوازی بارزانی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهات و دایان بە بنەماڵەی شەهیدان".

"بنەماڵەی شەهیدان دەبێت باشترین شتاکنیان بۆبکرێت، دەکرا لە پڕۆژە فیرعەونییەکان یەکەی نیشتەجێبوونیان پێبدەن، رەخنەی تەواومان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و خودی وەزیری ئاوەدانکردنەوە هەیە و یاری بە هەستی کرێنشینان کرد، پێمان باشبوو حکومەت و سەرۆکەکەی پێشێلی ئەو یاسایەی نەکردایە، نەدەکرا وەکو دەستکەوت دزی لە چینی کرێنشین بکەیت و بەسەر خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دابەشی بکەیت بۆ موزایەدەی سیاسی"، کارزان رەسوڵ وای وت.

ئاماژەی بەوەشدا: "حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار ساڵ جارێک بۆ موزایەدەی سیاسی یاری بە هەستی کرێنشینان دەکات و دەڵێت یەکەی نیشتەجێبوونتان پێدەدەین، ئێمە دەپرسین ئەو بەڵێنانەی داویانە لەکوێ جێبەجێیان کردووە؟ گەر بە زووترین کات ئەو پڕۆژە رانەگیرێت سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین و داواکاری گشتیش دەبێت بە ئەرکی خۆی هەستێت، ئەگەر ئەویش کەمتەرخەمبێت لە داواکاری گشتیی بەغدا سکاڵای یاسایی لەسەر داواکاری گشتیی هەرێم تۆماردەکەین".

سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان لقی هەولێر دەشڵێت: "ناکرێت دوو وەزارەتی حکومەت دەزگای خێرخوازی بارزانی بەکاریان بهێنێت، ناشکرێت دەزگای خێرخوازی بارزانی هەل بقۆزێتەوە بۆ بانگەشەی حزبەکەی، داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەم پێشێلی یاسا نەکات، ئەوەی کە ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی دابەشکردووە پێشێلی یاسایە، ئەگەر حکومەت خەمخۆری بنەماڵەی شەهیدانە دەکرێت لەو کۆمەڵگا فیرعەونیانەی کە دروستتان کردووە یەکەی نیشتەجێبوونیان پێبدەن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP