قوباد تاڵەبانی: پارتی ناتوانێت بە نایاسایی خۆی بسەپێنێت

کوردستان
18:36 - 2024-10-16


لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دەڵێت: "سەرۆک بافڵ حزبەکەمانی یەک خستووەتەوە، یەکێتی کەموکورتییەکانی چارەسەر کردووە و تەنها بە یەکێتیش رێڕەوی حکومڕانی راست دەکرێتەوە، ئەمڕۆش دەرفەتێکی نوێیە چونکە دەنگی هاووڵاتیان کاریگەری دەبێت و پارتیش ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی و بە دەنگی تەزویر خۆی بسەپێنێت".

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند: "یەکێتی بەخۆیدا چووەتەوە و هەموو کەموکورتییەکانی چارەسەرکردووە، یەکێتی ئەمڕۆ یەک دەنگ و یەک هەڵوێست و یەک ئاڕاستە و یەک وتارە، یەکێتی یەک سەرۆکی هەیە کە بافڵ جەلال تاڵەبانییە".

"سەرۆک بافڵ حزبەکەمانی یەک خستووەتەوە و بوێرانە بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان وەستاوەتەوە و دەڵێت بەسە و چیتر ئەم جیاوازیانەتان لێ قبوڵ ناکەین، هەر سەرۆک بافڵ-ە ئومێدی بۆ جەماوەرەکەمان گەڕاندووەتەوە و هەموو چین و توێژەکانی ئاشت کردووەتەوە"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا: "لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا خەڵکی پێیانوابوو گۆڕانکاری روونادات و ئەنجامەکان مسۆگەرە و پارتی تەزویری خۆی دەکات و مردووەکانیان دەنگ دەدەن و ئاوارە سووریەکانی هەولێر و دهۆک دەنگی خۆیان دەدا، خەڵکی دەیانزانی 11 کورسی کۆتاکان بۆ خۆی بەکاریان دەهێنێت، بەم شێوەیەش خەڵکی نەدەچوونە دەنگدان و هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان تێكچوو" "ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە و دەرفەتێکی نوێیە بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، چونکە دەنگەکانتان نافەوتیت و تەزویرتان لێناکرێت و پارتیش ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی خۆی بسەپێنێت".

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دەشڵێت: "تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت رێڕەوی حکومڕانی راست بکاتەوە، ئەگەر دەتانەوێت کۆتایی بە زوڵم و زۆرداری و ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە بهێنن، خۆتان دەزانن رۆژی دەنگدان دەبێت چی بکەن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP