سەرۆک بافڵ : بەرەو هەرێمێكی سەقامگیرتر

کوردستان
21:57 - 2024-10-18

دواى بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کۆتایى پێهاتنى بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە ، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانى پەیامێکى بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا سوپاسى هێزە ئەمنییەکان دەکات کە بەشداریى پرۆسەکەیانکردووە.

دەقى پەیامەکەى سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانى :

لە دڵەوە سوپاسی بێپایانم ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان، هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆی کوردستان و ئۆپراسیۆن  دەکەم بۆ  بەشداریی گەرموگوڕتان لە سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستتر.

ئەمڕۆ ئێوەی خوشك و برای خۆشەویستم وەكچۆن هەمیشە پارێزەری ئارامی و سەقامگیری بوون، لەم قۆناغە گرنگەی هەرێمەكەشمان پێشەنگبوون لە بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموكراسی و شانازیی بە پەرۆشیتانەوە دەكەین. 

هەڤاڵانی خۆشەویستم، لە رۆژانی داهاتوودا ئەرك و بەرپرسیارێتیی گەورەتان لەسەرە و پاراستنی ئارامیی پرۆسەكە لە ئەستۆی ئێوەیە، داواكارم بەهەمان رۆحییەت و پەرۆشیی ئەمڕۆتانەوە ئەو ئەركە گرنگە رابپەڕێنن و دڵنیاشم لەئاست چاوەڕوانییەكانمان دەبن.
دڵنیاتان دەكەم من هەمیشە برا و هاوڕێی دڵسۆزی ئێوە دەبم و داواكاریی برایانەشم ئەوەیە بەڕێگەیەكی شارستانی گوزارشت لە سەركەوتنەكانتان بكەن و وەك هەمیشە نموونەبن بۆ كوردستانەكەمان.

پێكەوە بەرەو ئایندەیەكی گەشتر، بەرەو هەرێمێكی سەقامگیرتر

برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP