كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دواین راپۆرتی لەبارەی دەنگدانی تایبەت بڵاوكردەوە

کوردستان
12:58 - 2024-10-19

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دواین راپۆرتی لەبارەی دەنگدانی تایبەت بڵاوكردەوە، لەبارەی كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریش ئاماژەی بەوەکردووە کە ژمارەی حاڵەتەكانی دەرنەچووی پەنجەمۆر گەیشتووەتە 2 هەزار و 901 حاڵەت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق راپۆرتێکی لە بارەی دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: دوێنێ‌ 215 هەزار و 960 دەنگدەر تۆمار كراون، 208 هەزار و 521 كەس كە دەكاتە 97% بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كردووە.
باسی لەوەشکردووە، 165 بنكە و 749 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت هەبووە، لە كۆی گشتیش 203 هەزار و 773 دەنگدەریان پیاو و 4 هەزار و 748 دەنگدەریان ژن بوون.
لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی خوێندەوار و نەخوێندەواریش، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە: 189 هەزار و 857 دەنگدەری خوێندەوار و 18 هەزار و 664 دەنگدەری نەخوێندەوار هەبوون .
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە چاودێریی هەزار و 926 چاودێر لە بنكەكانی دەنگدان بەڕێوەچووە، هەروەها 3 هەزار و 750 نوێنەری قەوارە سیاسییەكان لە بنكەكانی دەنگدان ئامادە بوون.

 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP