سودانی پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کوردستان دەکات

کوردستان
12:45 - 2024-10-21

دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامی پیرۆزبایی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم لە خولی شەشەمیدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان دەکەین.
دەشڵێت: درێژەدان بە هەڵبژادەی دیموکراسی بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، جەختدەکاتەوە لەسەر ڕێزگرتن لە بەهای دیموکراسی و باوەڕبوون بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، و چەسپاندنی پێکهاتەی دەستووری، ئەم دەستکەوتانە بەدی نەدەهات بەبێ ئەو قوربانیدانانەی کە عێراقییەکان داویانە لە پێناو ئازادی و شکۆمەندی و سەربەخۆیی بڕیارەکانیان، بۆ ژیان کردن لە وڵاتێکدا کە هەموو پێکهاتەکان مافی یەکسانیان هەبێت بەبێ جیاوازی. "
ئاماژە بەوەشدەکات: بەم بۆنەیەوە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرز دەنرخێنین، بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و هیوادارین مەرجەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق تەواوبکرێت، لەپێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و هاوکاری و سەقامگیری بۆ خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێم.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP