مانچێستەر دەیەوێت رزگارى بێت لە جۆشوا زیرکزى

وەرزش
15:18 - 2024-10-22

مانچێستەر دەیەوێت رزگارى بێت لە جۆشوا زیرکزى
ئاکۆ بیبانى

جۆشوا زیرکزى هۆڵەندى و هێرشبەرى یانەى مانچێستەر یونایتدى ئینگلیزى سەربارى ئەوەى تەمەنى تەنها 23 ساڵە و یاریزانێکى خێراو خاوەن بەهرەیە ـ هاوینى رابردوو لە یانەى بۆلۆنیاى ئیتاڵییەوە پەیوەندى کرد بە ریزەکانى یانەى شەیتانە سورەکانەوە ، لەسەرەتاوە ئومێدێکى زۆرى لەسەر هەڵچنرابوو ، وەک هێرشبەرى سەرى رمى ئەهریمەنەکان دەبینرا ، زۆربەى چاوەکان لەسەر تواناکانى ئەو هێرشبەرە هۆڵەندییە بوو ، داهاتووى مانێو بەسترابوەوە بە تواناو هێزە سەرنج راکێشەکەیەوە ، بەڵام دوای تێپەڕبوونى هەشت هەفتە مانێچستەر لە دۆخێکى قورس و دژواردایە ، بەدەست شکستەکانیەوە گیرى خواردوە ، هێڵى هێرشبەرى یانەکەش لە ئاستى پێویستدا نیە .
 زیرکزى ، تین هاگ و ئیدارەکەى نائومێدکردوە ، کورسى یەدەکیش بۆتە مۆتەکە بۆ ئەو یاریزانە ، ئێستا مانچێستەر یونایتد هەوڵدەدات بە شێوەى خواستن یاریزانەکە بە یانەى یۆفێنتۆسى ئیتاڵى بدات .
زێرکزى هاوینى رابردووى بەبەهاى 36 ملیۆن جونەی ئیستەر لینى پەیوەندى کرد بە ریزەکانى یانە ئینگلیزییەکەوە ، لە ئێستادا یانەکە خاوەن سێ هێرشبەرە لە هێڵى پێشەوە کە ئەوانیش ( راشفۆرد و هۆیلۆند و زیرکزییە ) کەمترین کات وەک یاریزانى سەرەکى پشت بە یاریزانە هۆڵەندییەکە دەبەستێت ، زیاتر هۆیلۆند و راشفۆرد لە پێکهاتەى سەرەکیدان .
 لەهەشت یارى رابردووى مانچێستەر لە پریمەرلیگ ، زیرکزى تەنها یەک گۆڵى بەخشییوە بە یانەکەى کە ئەویش لە یارى دەسپێکى پرێمەرلیگ بوو بەرامبەر بە یانەى فۆلهام و لەدەقیقەى 87 گۆڵى بردنەوەى تۆمارکرد و سێ خاڵى دیدارەکەى بەخشییە یانەکەى .
زیرکزى تەنها یاریزان نیە کە بە بڕە پارەیەکى زۆر لەسەر داوای تینهاگ گواستراوەتەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد کە دواتر ئاستى خراپى پێشکەش کردوە ئەوەش بۆتە هۆکارى ئەوەى تەنها زیان بەخەزێنەى یانەکە بگەیەنێــت، بە پێى سەرچاوە هەواڵییەکان یانەى یۆفینتۆس بە دوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت تاکو لە هێڵى هێرشبردن پشتى پێ ببەستێت ، باس لەوەش دەکرێت خانمە پیرەکەو ئەستێرە هۆڵەندییەکە نزیک بونەوە لەنێوانیان هەیە و پێ دەچێت بەشێوەى خواستن پەیوەندى بە یانەى یانکۆنێرییەوە بکات ، ئەویش دوای ئەوەى دەرگاى گواستنەوەى یاریزانان دەکرێتەوە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP