دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانى سلێمانی دەستیپێكرد

کوردستان
11:02 - 2024-10-23

لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە ناوی نزیكەی 7 هەزار فەرمانبەر بۆ پێدانی زەوی دەگەڕێتەوە شارەوانی سلێمانی و تیروپشك بۆ ناوەكان كراوەو سەرۆكی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت: "ئەو فەرمانبەرانەی تیروپشكیان بۆكراوە، لەوەزارەتەكانی شارەوانی و كاروباری كۆمەڵایەتی و كارەبان و وەزارەتی شارەوانیش بەردەوامە لەلێكۆڵینەوە بۆ فۆڕمی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دیكە".

لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "پاش ئەوەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە ناوی زیاتر لە 6 هەزارو 700 كەس بۆ شارەوانی سلێمانی گەڕێندراوەتەوە، بەمەبەستی پێدانی زەوی پێیان، لەدوو رۆژی رابردوودا تیروپشك بۆ ناوەكان كراوەو ئەو فەرمانبەرانە ژمارەی زەوییەكانیان وەرگرتووە".

"ناوی ئەو فەرمانبەرانەی بۆ شارەوانی سلێمانی نێردراون، لەوەزارەتەكانی شارەوانی و كاروباری كۆمەڵایەتی و كارەبا بوون، چونكە وەزارەتی شارەوانی تاوەكو ئێستا تەنها توانیویەتی وردبینی بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكات و ئێمەش رێكارەكانی دابەشكردنی زەویمان دەستپێكردووە"، لەیلا عومەر وایوت.

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی راشیگەیاند: "دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لەژێر رۆشنایی رێنمایی 2ی ساڵی 2024 ی ئەنجومەنی وەزیراندایە، كە هەر فەرمانبەرێك سوودمەند نەبووبێت لەوەرگرتنی زەوی و شوقە لەحكومەت سودمەند دەبێت لەوەرگرتنی زەوی و رێكارەكانی دابەشكردنی زەویش لەسلێمانی بەردەوام دەبێت".

بەپێی زانیارییەكان، سەرجەم ئەو فۆڕمانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وەزارەتەكانەوە پڕكراونەتەوە، ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی دەكرێن و پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەفۆڕمەكە هەر فەرمانبەرێك سوودمەند نەبووبێت، سوودمەند دەبێت.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری 25 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەكرێن و لە یەكەم قۆناغیشدا، لەمەراسیمێكدا تیروپشك بۆ زیاتر لە 6 هەزار و 700 فەرمانبەر كراوە.

زەوییەكان لە ماستەرپلاندان و لە سێ شوێنی جیای پارێزگای سلێمانین، رووبەری هەر زەوییەك 200 مەتر دەبێت و سەرجەم رێكارەكان گیراوەتە بەر.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP