رافینیا بەرەو لوتکە دەڕوات و تێکەڵەیەکە لەریفاڵدۆ و رۆناڵدینۆ

وەرزش
13:45 - 2024-10-24

رافینیا بەرەو لوتکە دەڕوات و تێکەڵەیەکە لەریفاڵدۆ و رۆناڵدینۆ
ئاکۆ بیبانى

هیچ ناوێک لە کەتەلۆنیا بەرزتر لە ناوى رافینیا نابیسترێت ، هیچ یاریزانێک هێندەى ئەستێرە بەرازیلییەکە لە بارسا نادرەوشێتەوە ، رافینیا بە تەکتیکێکى بەرز و تێکەڵکردنى هێزى بەرگرى و هێرشبەرى نمایشى سەرنج راکێش و هەژاندە ئەنجام دەدات ! بەبەرگى بلوگرانەوە بە هێما و شارەى کاپتنییەوە هێزێکى سەرسورهێنەر و هەژێنەرى بۆدروست بووە .
 لە مانگى ئۆکتۆبەردا ئاستى گەشتووە بە ترۆپک ، هەموو سنورەکانى تێپەڕاندوە ، کۆت و بەندەکانى شکاندووە ، بەرەو یاریزانى ژمارە یەک لە بارسیلۆنا هەنگاو دەنێت ! رۆژ بەرۆژ متمانەى زیاترى هانسى فلیک و هاورێکانى و هاندەرانى یانەکە مسۆگەردەکات ، ئێستا رافینیا تێکەڵەیەکە لەهەردوو ئەستێرەى پێشووى بەرازیلى (ریفاڵدۆ و رۆناڵدینۆ)   کە لە یانەى بارسا یارییان کردوە ، سیحر و جادوویان کردوە ، رافینیا ئەو سەردەمە بیرى ئاشقانى یانەکە دەهێنێتەوە .
 لەسەرەتاى وەرزدا  ئیدارەى یانەى بارسا دەیانویست رافینیا بفرۆشن ، دەیانویست لەتواکانى ئەو ئەستێرە بەرازیلییە رزگاریان بێت ، رافینیا نەک تەنها بۆ بارسا بەڵکو تەحەداى هەموو جیهانى کرد و پێى وتن هێشتا ئێوە پەیتان بە هێزە شاراوەو توانا شۆکهێنەرەکەى من نەبردوە  بۆیە بیر لەهەڵەى لەو جۆرە دەکەنەوە.
  یاریزانە باڵە بەڕازیلییەکە بەردەوامە لە بەرجەستەکردنی ڕۆحی کاپتن، بە نمایشێکی چاوەڕواننەکراوی لێهاتوویی جەستەیی و تۆپی پێ دڵی دڵسۆزانی بارسا بەدەست دەهێنێت.
ڕووبەڕووبوونەوەی بارسا و بایرن تەنها یارییەکی ئاسایی نەبوو بۆ ڕافینیا و  بارسا  ، ڕووبەڕووبوونەوەی بایرن بۆنەیەکی تایبەتە، ڕافیناش بەتەواوى لەشەوی خۆیدا بوو لە سەدەمین یارى  لە  ژیانیدا وەک جەنگاوەرى  بلاوگرانا، ڕافینا جارێکی دیکە شەپۆلی دروستکردووەو بە شێوەیەکی گەورە دەرکەوت .

ئامارەکانی ڕافینا لەم وەرزەدا دیاردەییى بوون!  ئەوەی لەوەش باشترە هەستەکانی دەوروبەری هێندەی تر سەرنجڕاکێشن. یاریزانە بەڕازیلییەکە هێزێکی بێوچانە، هەرگیز ماندوو نابێ لەجوڵان و راکردن لە لاکێشەى سەوز ، بەردەوام بەدوای بۆشاییدا دەگەڕێت و بەردەوام فشار دەخاتە سەر تیپى دژ       بە ئامادەیییەکی لە رادەبەدەرەوە .


ڕافینای ئێستا وەک پویۆل یاری دەکات بەبێ تۆپ و وەک نەیمار کاتێک کە تۆپ دەگرێت. هەشت گۆڵ و هەشت ئەسیست ژمارەیەکی خەیاڵین، ڕۆڵی وەک کاپتن لە هاویندا نائاسایی بوو، بەڵام ئێستا بە تەواوی لەگەڵیدا دەگونجێت، چونکە بە ڕۆحی شەڕکردن و لێوان لێو لە ڕکابەری دەردەکەوێت ، ڕافینیای ئێستا بەراورد ناکرێ بەو یاریزانەی دوو وەرزی ڕابردوو.  گۆڵی یەکەمی لە ماوەی ٥٨ چرکەدا سەرسوڕهێنەر بوو!  بەڵام ئەوەی لە دەقیقەى  ٤٤دا بەدەستی هێنا، سەرپێچی لە لۆژیک دەکات! گۆڵی سێیەمیش هیچی کەمتر نەبوو لە شێتی. پاسێکی نایاب لەلایەن لامینەوە و دواتر لێدانێکی ڕەشەبا لەلایەن ڕافینیا کە بەڕاستی بووەتە تێکەڵەیەک لە نێوان رۆناڵدینۆ و  ڕیڤاڵدۆ، هانسى فلیک ئەو شتەی بە ئەنجام گەیاند کە کەس خەونی پێوە نەبینیبوو، فلیک،  ڕافینا وەک یاریزانێکی گرنگ دەبینێت بەهۆی توانای فشارکردن لە یاریگا و ئامادەکارییە نایابەکانی بۆ هەلی گۆڵکردن.
هەمیشە لە مەشق و ڕاهێنان و یارییەکاندا هەڵوێستی باشی هەیە و بەتەواوى خۆى ماندوو دەکات و هیچ کات لەمەشقەکان دوا ناکەوێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP