چۆن ئەکادیمیای سەرنجڕاکێشی مان سیتی بەردەوام بەهرەمەندە بەرهەم دەهێنێت؟

وەرزش
14:03 - 2024-10-30

چۆن ئەکادیمیای سەرنجڕاکێشی مان سیتی بەردەوام بەهرەمەندە بەرهەم دەهێنێت؟
ئاکۆ بیبانى
ئەکادیمیاى مانچێستەر سیتى ئینگلیزى یەکێکە لە قوتابخانە گەورەکانى تۆپى پێى ئەوروپا و هەمیشە بیر لە دروستکردنى ئەستێرەى تۆپى پێ دەکاتەوە و پلان دادەنێت لە پێناو ئەوەى لە داهاتوودا ئەکادیمیاکە خاڵى هێز و گەشەکردنى یانەى مانچێستەر سیتى بێت .
بەر لەوەى لە ساڵى 2008 سەرمایەدارانى ئیمارات دەست بەسەر یانەکەدا بگرن و پارەیەکى خەیاڵى و ئێجگار گەورە لە گواستنەوەى یاریزانان خەرج بکەن ، ئەکادیمیاى یانەکە بەشێکى زیندووى یانەکە بوو ، کارگەى بەرهەمهێنانى ئەستێرە بوو ، بەڵام دواتر پلان و ستراتیژ گۆڕاو لە رێگاى هێزى پارەوەو ئەستێرەى ئامادەکراو هێنرایە ریزى یانەکە .
لەئێستادا ئەکادیمیاى مانچێستەر سیتى بەهەمان شێواز و ستایلى پێشوو دەستپێدەکاتەوە ، گرنگى و بایەخى زۆر دەدات بە ئەکادیمیاى یانەکە ، بەر لەدەسپێکردنى خول و لە کاتى یارییە ئامادەکارییەکانى یانەکە ( 9) یاریزانى ئەکادیماى سیتى بەشداریان لە یارییەکاندا کردو سەرخران بۆ تیپى یەکەم ، تۆماس کرۆکن بەڕێوەبەری ئەکادیمیای لاوانی سیتییە، باس لە گرنگى قوناغەکە دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ، ئیدارەى یانەکە زۆر بەباشى لە تۆپى پێى ئێستا و داهاتوو تێدەگات و درکى بەوەکردوە قۆناغى داهاتووى تۆپى پێ چۆن دەبێت ، بۆ ئەوەى لە کاروانەکە دوانەکەویت و شەمۆندۆفێرەکە جێتنەهێڵێت پێویستە لە ئێستاوە کە ساڵى 2024 ە،  گرنگى بە یاریزانانى 10 ساڵ بدەى بۆ ئەوەى ئامادەیان بکەى بۆ ساڵى 2034 ، هەموو یاریزانەکان ناگەنە ریزى تیپى یەکەم ، بەڵام دەتوانرێت لە ڕووى فرۆشتینیان بە یانەکانى دیکە سوودى داراییان لێ وەربگریت ، ئەمە جگە لەوەى باشترینەکان لە یانەکە دەمێننەوە ، فیل فۆدین یەکێکە لە یاریزانەکانى ئەکادیمیاى مانچێستەر سیتی هەر لە چوار ساڵییەوە لەو ئەکادیمیایە فێرکراوەو ئامادەکراوە،  لە ئێستاشدا یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانى یانەکە .
 لەکاتێکدا مان سیتى جۆلیان ئەلفارێزى بەپارەیەکى زۆر و بە بەهاى 81 ملیۆن پاوەند فرۆشت بە یانەى ئەتلەتیکۆ مەدرید بەڵام ئامادە نەبوون بۆند لەگەڵ هیچ جێگرەوەیەک واژۆ بکەن و لەو کاتەدا متمانەیان کردە سەر هەردوو یاریزان ( جەیمس ماکاتى و ئۆسکار بۆب ) هەر چەندە بۆب دوچارى شکانى قاچى بوو بەڵام دەرفەت بۆ ماکاتى دروست بووە لە پێکهاتەى سیتیزن جێگاى خۆى بکاتەوە ئەگەر بە شێوەى کاتیش بێت .
ئەمە جگە لەوەى چەند یاریزانێکى ئەکادیمیاکە بە یانەکان فرۆشراو سوودى دارایی زۆریان لێ وەرگیراو بەدیاریکراوى لە 5 ساڵى رابردوو ئەکادیمایەکە بە بەهاى ( 276 ملیۆن پاوەند ) سوود مەند بووە لە فرۆشتنى یاریزانان  چەشنى (تایلۆر هاروود-بێلیس بە بڕی 20 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە یانەی ساوسهامپتۆنەوە کرد و لیام دیلاپ بە بڕی 15 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئیپسویچ تاون کرد . کۆل پاڵمەریش لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕی ٤٢.٥ ملیۆن پاوەند ڕووی لە چێڵسی کرد .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP