سێنتکۆم: فڕۆکەی بی 52 گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

جیهان
11:13 - 2024-11-03

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هاتنی فڕۆکەى بۆمبهاوێژى بی 52ـى بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا( سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە هەژماری رەسمی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی 52 ستارتۆفۆرتریس لە بنکەی ئاسمانیی مینۆت لە ویلایەتی داکۆتای باکوور، گەیشتووەتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا.

پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، بەمەبەستی بەرگریکردن لە ئیسرائیل، هێزی سەربازیی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرن.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردبوو، هێزە نوێیەکە بە چەک و کەرەستەى سەربازیی پێشکەوتووەوە دەنێرنە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەرکیان بەرگریکردنە لە سوپاى ئیسرائیل.

لەوەڵامی هێرشێکى سوپای ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژی 26ـى تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک ئامانجی سەربازیی لە ئێران کردە ئامانج، لە دوای هێرشەکەش بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێران ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوە هێرشەکەی ئیسرائیل دەکات و ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکاش ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، هێرشەکە لەلایەن عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران ناوی لێنراوە خەیبەر.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP