بۆ یەكەمینجار میدیاكانی ئێران برینداربوونی سەرۆك
كۆماری ئێرانیان لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئەو وڵاتە
دوپاتكردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران وردەكارییەكانی سەبارەت
بە برینداربوونی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە هێرشێكی ئیسرائیل لە 16ی
مانگی رابردوو بۆسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بڵاوكردەوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هێرشەكەدا كە
بە شەش موشەك كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییان كردبووە ئامانج، قاچێكی سەرۆك
كۆماری ئێران بە سوكی بریندار بووە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە، لە كاتی هێرشەكەی
ئیسرائیلدا سێ سەرۆكایەتییەكە و چەندین لێپرسراوی باڵا ئامادەبوون، بۆیە ئیسرائیل
بە نیاز بووە هەمان سیناریۆی كوشتنی حەسەن نەسروڵا سەرۆكی حزبوڵای لوبنان لە تاران
دوبارە بكاتەوە.
ئەوەش ئاشكراكراوە، لە كاتی هێرشەكەدا، بەرپرسانی
ئێران بە بەكارهێنانی رێگای فریاگوزاری كە پێشتر ئامادەكرابوو لەشوێنی كۆبوونەوەكەوە
خۆیان رزگار كردووە، بەڵام بەشێكیان هەر برینداربوون.
ئاژانسەكە راشیگەیاندووە، ئەو كۆبوونەوە زۆر هەستیار
بووە، دزەپێكردنی زانیارییەكان و گەیشتنی بە دەستی ئیسرائیل گومانی زۆری بەدوای خۆیدا
هێناوە بۆیە لە ئێستادا لێكۆڵینەوەی ورد سەبارەت بەو رووداوە لە تاران دەستیپێكردووە.
پێشتر، پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، ئیسرائیل
هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام وردەكارییەكەی ئاشكرا نەكرد.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP