چوار پرۆژەیاسای گرنگ لەبەردەم پەرلەمانی عیراقدان
و پێویستە پەسەند بکرێن، یەکێکیان تایبەتە بە سوننە و ئەوی دیکەیان بە کورد و
دووانیشیان بە شیعە، پرۆژەکان بریتین لە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی مووڵک و
ماڵی داگیرکراو، یاسای لێبوردنی گشتی، یاسای باری کەسیی و یاسای خانەنشینی حەشدی
شەعبی.
لەم قۆناغەدا ئەرکى ئەنجومەنەکە قوورستر بووە و پێویستە
لە ماوەی کەمتر لەو ساڵەی لە تەمەنی ماوە، ئەو پرۆژەیاسا گرنگ و چارەنووسسازانە
پەسەند بکات کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی کێشەی نێوان کورد و شیعە و سوننە چەندینجار
دواخران و لە بەرنامەی کار لابران.
9ـی ئەم مانگە کۆتایی بە وەرزی یاسادانان دێت و چەندین
پرۆژەیاسای گرنگ ماون کاریان لەسەر بکرێت و تێپەڕێنرێن, بۆیە ناکرێت لەگەڵ بوونی
ئەو هەموو پرۆژەیاسایە، ئەنجومەنى نوێنەران بچێتە پشووی وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی
دوو مانگ.
داوایەکیش هەیە بۆ درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بە
مەبەستی چەند گۆڕانکارییەکی وەزاریی و تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایانەی لە ڕابردوودا
دەنگیان لەسەر نەدراوە، بۆیە رەنگە پەرلەمان مانگێک وەرزی یاسادانان درێژ بکاتەوە
و هەوڵێکیش لەو ماوەی بۆ یاسادانان درێژ دەکرێتەوە، دەنگ لەسەر گشت ئەو
پرۆژەیاسایانە بدرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی زانیارییەکان سەرۆکوەزیرانی عیراق بە نیازی
گۆڕانکاریی وەزارییە و بڕیارە ژمارەیەک وەزیر بگۆڕدرێن، بۆ ئەو گۆڕانکارییانەش
پێویستە ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق ڕەزامەندی لەسەر بدات.
لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق
سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی خولی داهاتوو دەست بە گفتوگۆ دەکات، پەسەندکردنی ئەو
پرۆژەیاسایەش پێویستی بە ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرایەتیی
سەرجەم پێکهاتەکان هەیە.".
بەپێی ماددە 58 لە دەستووری عیراق بڕگەی دووەم
وەرزی یاسادانانی خولێكی بەستنی ئەنجومەنی نوێنەران درێژدەكرێـتەوە بە مەرجێك لە
سی (30) ڕۆژ زیاتر نەبێت، بۆ تەواوكردنی ئەركە پێویستەكان، لەسەر داوای سەرۆككۆمار
یان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یان پەنجا ئەندام لە
ئەندامانی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP