هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاری په‌رله‌مانه‌

ئابوری
17:54 - 2024-11-10


تێچوی نەوتی هەرێم كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەردراوە، خراوەتە ناو هەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2025 ی عیراق و ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت: "پێویستە لەماوەی یەك مانگدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە بدرێت و ئەگەر مادده‌كەی تێچوی نەوتی هەرێم پەسند بكرێت، هەرێم دەتوانێت دەستبەهەناردەی نەوت بكاتەوە".

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەمواری یاسای بودجە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەهەفتەی داهاتووشدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت".

د. نەرمین مەعروف  ده‌ڵێت:"لەهەمواری یاساكەدا ئەو ماددەیەی بۆ زیادكراوە كەپەیوەندیدارە بەتێچوی نەوتی هەرێم، چاوەڕوانیش دەكرێت لەم مانگەدا كەوەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران درێژكراوەتەوە، دەنگی لەسەر بدرێت"  

راشیگەیاند: "ئەگەر مادەكە لەئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، هەرێم دەتوانێت لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە جارێكی دیكە دەست بەهەناردە كردنەوەی نەوت بكات".

ئەمەش لەكاتێكدایە لەكۆبوونەوەی رۆژی 5-11-2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیران، بڕیاریدا لەخەرجییە سیادییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، بەرانبەر ئەو نەوتەی كە لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت و لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانی "سۆمۆ" و وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت بگرێتە ئەستۆ، تێچووەكەش بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە 16 دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP