کاسادۆ لەگەڵ چافی 34 جار بانگکرا 35 دەقیقە یارى کرد!

وەرزش
13:30 - 2024-11-12

کاسادۆ لەگەڵ چافی 34 جار بانگکرا 35 دەقیقە یارى کرد .
ئاکۆ بیبانى
مارک کاسادۆ , لەم وەرزەدا بە ئاستە بەرز و نایابەکەى هەموانى سەرسامکردوە ، شۆڕشێکى گەورەى لە کامپ نۆ کردوە !  ناوى ئەو یاریزانە تەمەن 21 ساڵانە لە کوچەو کۆڵانەکانى کەتەلۆنیا بە بەرزى دەوترێتەوە ، هەموان ستایشى دەکەن ، باسى جەنگاوەری و لە خۆبردووى دەکەن ، باس لە جوڵەو هێزەکانى دەکەن .
 مارک کاسادۆ یاریزانى بەرگرى و هێڵى ناوەندى یانەى بارسیلۆناى ئیسپانى لە تەمەنێکى بچووکدا هەنگاوى گەورە دەنێت و رۆڵى ئێجگار نایاب دەبینێت لە پێناو سەلماندنى خۆى و تاکو ئێستاش سەرکەوتوو بووە .
کاسادۆ ئەو یاریزانەى لە لاماسیاوە دەرکەوت و لەژێر دەستى رافا مارکێز یارى دەکرد ، لەکاتێکدا بارسا بەدەست قەیرانى داراییەوە دەیناڵاند ، بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕا تاکو شکۆى یانەکە بپارێزێت ، لەو کاتەدا چافی هێرنادێز کاسادۆ لە تیپى دووەم دەبینێت و سەرسامى دەبێت و متمانەى پێ دەدات تاکو بۆ تیپى یەکەم بانگێشت بکرێت ، چافی ئەو کارەى کرد بەڵام دەرفەتى گەورەى بە کاسادۆ نەدا تاکو خۆى بسەپێنێت ، لە وەرزى رابردوو چافی هێرنادێز 34 جار بانگێشتى کاسادۆى کرد بۆ یارییکردن لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان بەڵام تەنها 35 دەقیقە یارى پێى کرد ، یاریزانەکە بە ئاسایی وەرگرت و لەسەر کورسى یەدەک بوو ، ناڕەحەت و بێ تاقەت نەبوو .
هانسی فلیک هات و ویستى گۆڕانکارى لە تیپەکە بکات ، کاسادۆى هەڵبژارد و بەیەکێک لە یاریزانە لاوو کاریگەرەکانى زانى ، بەتایبەت دوای پێکانەکەى بێرناڵ ، ئەستێرەى بەختى کاسادۆ دەرکەوت ، ئێستا هاوشێوەى ئیسفنجێک لەدەستى راهێنەردایە و چۆنت دەوێت ئاوا یاریت بۆدەکات ، متمانەى زۆرى بەخۆیەتى سەربارى ئەوەى تەمەنى تەنها 21 بەهارە ، لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتى هانس فلیک 15 یارى ئەنجامداوەو 1133 دەقیقە یارى کردوە ، 5 ئاسیستى کردوە ئەمە جەوهەرى ئەو یاریزانەیە ، تەنها یاریزان بوو لەهەردوو یارى فیاڕیاڵ و ئەتلەتیک بلباو یارى نەکرد ئەویش بەهۆى پشوو پێدانەوە .
بارسا لە مانگى حوزەیران فریاى خۆى کەوت و بۆندەکەى یاریزانەکەى تاکو 2028 درێژکردەوە ، یاریزانەکە یەکەم یارى خۆى لەگەڵ هەڵبژاردەى خوار 21 ساڵانى نشتیمانى ووڵاتەکەى کردوەو لە ئێستاشدا بانگیشتکراوە بۆ ریزى هەڵبژاردەى ئیسپانیا .
کاسادۆ دوو دەرفەتی لەبەردەمدایە بۆ سەپاندنى خۆى لە ریزى ماتادۆرەکان ئەوانیش یارییەکانى  ( دانیمارک و سویسرا) یە بۆ ئەوەی یەکەم یاری خۆی لە گەڵ هەڵبژاردەى یەکەمى ووڵاتەکەى ئەنجام بدات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP