عێراق داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات هه‌ره‌شه‌كانی ئیسرائیل راگرن

عێراق
12:24 - 2024-11-23

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق داوا له‌ وڵاتان و رێكخراوه‌ جیهانی و عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌كانی قه‌واره‌ی زایۆنی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق، راگرن.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌:" نامه‌ی ره‌سمی بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و كۆمكاری عه‌ره‌بی و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی ناردووه‌ به‌مه‌به‌ستی راگرتنی هه‌ره‌شه‌كانی قه‌واره‌ی زایۆنی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق".

باسی له‌وه‌شكردووه‌:"په‌یامی قه‌واره‌ی ئیسرائیلی بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، به‌شێكه‌ له‌ سیاسه‌تێكی سیستماتیكیانه‌ بۆ تۆمه‌ت و بیانوو هه‌ڵبه‌ستن به‌ ئامانجی فراوانكردنی ململانێكان له‌ ناوچه‌كه‌دا".

روونشیكردووه‌ته‌وه‌: "په‌نابردنی عێراق بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌و په‌رۆشیه‌وه‌ دێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ڕۆڵی خۆی له‌ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌جێبهێنێت بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ و لوبنان"

عێراق له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا داوایكردووه‌: " نوسراوه‌كه‌ی بۆ وڵاتانی ئه‌ندام بگوازرێته‌وه‌و وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ره‌سمی بخرێته‌ ده‌ست ڕێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP