سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ده‌ركردنی مه‌رسومی هه‌رێمیی

کوردستان
17:07 - 2024-11-25

بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا مەرسومێكی هەرێمی دەربكات و تێیدا بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی هەڵبژێردراو بكات بۆ یەكەم كۆبوونەوەو تەواوكردنی رێكارەكانی پێكهێنانی حكومەت.

لەبارەی ساڵنامەی رۆژانی كاری پەرلەمانیشەوە راوێژكارێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: "پێویستە پەرلەمان لەساڵێكدا 70 رۆژ  دابنیشێت و 52 رۆژیش ئەندامانی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ كاروباری هاونیشتمانیان بكەن".

د. فواد ئەحمەد راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "پاش پەسندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی مەرسومێكی هەرێمی دەردەكات و تێیدا بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی هەڵبژێردراو دەكات بۆ یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و دەستپێكردنی خولی شەشەم".

وتیشی، دواتر بەپێی یاسا دەبێت هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت و پەرلەمانتارانی هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی بخۆن و لەماوەی 30 رۆژدا پێویستە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت و دواتر رێكارەكانی دیكەی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكرێن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP