قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە

کوردستان
13:12 - 2024-11-28


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولا و بە تایبەتیش چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئەمنی و رێگریکردن لە دیاردەی کۆچی نایاسایی تاوتوێ کران.

کۆبوونەوەکە رۆژی پێنج شەمە(28/11/2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و، کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادە بوون.

لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی بەریتانیا لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری هەماهەنگی ئەمنی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی کۆچی نایاسایی و رێگریکردن لە تاوانی رێکخراو و قاچاخی مادەی هۆشبەر. ستایشی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییە باشە کرا کە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە و خوازیاربوون لە داهاتوودا لەمبارەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتریش بەخۆیەوە ببینێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا سەبارەت بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی دیارەی کۆچی نایاسایی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە هەوڵی زیاتر لەمبارەیەوە بدرێت، بەڵام بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێکەوە کاربکەن تا پەرە بە گەشەسەندنی ئابوری قەزا و ناحییەکان بدرێت، چونکە گەشەسەندنی ئابوری و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لەناو گەنجان لە ناوچە جیاوازەکان چارەسەری بنەڕەتییە بۆ نەهێشتنی دیاردەی کۆچی نایاسایی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستی پێکردوە. وتیشی ئێمە خوازیاری پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارین کە بتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتیش کێشە ئابورییەکان و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکات و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان باشتر بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP