هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا زیادیکردووەو،
بەهۆیەوە عیراق پێش وڵاتى مەکسیک کەوتووە.
ئیدارەى راگەیاندنى وزەى ئەمریکا بڵاویکردەوە؛ هەفتەى
رابردوو عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەى بڕێکى زۆر نەوتى بۆ وڵاتەکەی هەناردە کردووە
بەجۆرێک ئاستى هەناردەکەى زیادیکردووە، کە پێش وڵاتى مەکسیک کەوتووە.
بەپێی خشتەى ئیدارەکە؛ تێکڕاى هاوردەکردنى نەوتى
ئەمریکا لە هەفتەى رابردوودا لە هەشت وڵاتى سەرەکییەوە 5.657 ملیۆن بەرمیل نەوتى
رۆژانە بووە، ئەمەش بەراورد بە هەفتەى پێش خۆى ملیۆنێک و 80 هەزار بەرمیل نەوتى
رۆژانە دابەزینى بەخۆوە بینیوە.
ئەمە لەکاتێکدا هەناردەی نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا لە
هەفتەى رابردوو 277 هەزار بەرمیل بووە، بەراورد بە هەفتەى پێش خۆى 40 هەزار بەرمیل
نەوتى رۆژانە بەرزبوەتەوە.
هاوکات زۆرترین بڕى نەوتیش هەفتەى رابردوو لە
کەنەداوە چووەتە ئەمریکا دواتریش ڤەنزوێللا و سعودیە و بەرازیل و پاشان عێراق و
دواى عێراقیش لە مەکسیکەوە زۆرترین نەوت رەوانەى ئەمریکا کراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP