نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی له‌ گۆڕانی کەشوهەوا ده‌دات

جیهان
18:07 - 2024-12-03

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە گۆڕانی کەشوهەوا دەدات و رایدەگەیەنێت، لە 25 ساڵی ئایندەدا لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیانی بۆ 75٪ی دانیشتووانی جیهان دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2024 ببێتە گەرمترین ساڵ کە لە هەسارەی زەویدا تۆمار کرابێت؛ لە 2024 چەند شەپۆلێكی گەرما چەند ناوچەیەکی جیهانی گرتەوە و بەهۆیەوە ئاگری دارستانەکان و وشکەساڵی و کورتهێنانی خۆراکی لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکانش لەگەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ساڵانە وشکەساڵی زیان بە زیاتر لە 55 ملیۆن کەس لە جیهان دەگەیێنێت.

دەشڵێت وشکەساڵی کاریگەری زنجیرەیی بۆ سەر زەوی هەیە و زیان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، وزە، بازرگانی و گواستنەوە، ژینگە و تەندروستی دەگەیێنێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2022 و 2023 وشکەساڵی زیانی بە لانیکەم ملیۆنێک و 800 هەزار کەس گەیاندووە؛ لە 85٪ی ئەو زیانبەرکەوتووانە لە وڵاتانی هەژار و ئاست مامناوەندی ئابووریدا دەژین؛ چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 لە نێو هەر چوار کەس، سیانیان بەر زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP