وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سهبارهت به دۆخی ئێستای سوریا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ئهو وڵاته دەکەن و داواش دهكهن هاوڵاتییانی سڤیل وپێکهاتە و کەمینەکان پارێزراو بن.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا له لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا بۆ كهناڵی (8)ئاماژەی بۆئەوەشکردووە، "ئێستا کاتی دانوستاندنە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی سوریا، لە رێگەی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، رەتکردنەوەی بەردەوامیی رژێمی سوریا بۆ بەشداریکردنی راستەوخۆ لە دانوستاندنەکان بەهۆکاری ئەو رووداوانە دەزانن کە ئەمڕۆ لەو وڵاته روودەدەن.
داواشی لە هەموو لایەنە کاریگەرەکان كردووه، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن، هەموو رێوشوێنێکی خۆپارێزیی بگرنەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی سڤیل و پابەندبن بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.
ئهمه لهكاتێكدا لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هێرشی بۆ سەر چەند پارێزگایەکی سووریا دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا لە کۆی 14 پارێزگا، تەنیا شەشیان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادا ماونەتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP