گۆڕێکی بەکۆمەڵ نزیک دیمەشقی پایتەخت دۆزراوەتەوە کە 100 هەزار روفاتی تێدایە

جیهان
12:13 - 2024-12-17

رێکخراوێکی مافی مرۆڤی سوریا ئاشکرایدەکات، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە دەرەوەی دیمەشق دۆزیوەتەوە کە زیاتر لە 100 هەزار روفاتی تێدایە و سەرجەمیان لەژێر ئەشکەنجە و لە سەردەمی رژێمی پێشوی بەشار ئەسەد کوژراون.
مەعاز مستەفا سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەو شوێنەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لێ دۆزراوەتەوە دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر لە دوری دیمەشقی پایتەختی سوریا و یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەی لەماوەی چەند ساڵی رابردو توانیویانە دەستنیشانی بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گومان دەکەن ژمارەی ئەو جەستانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی نزیک پایتەختدان 100 هەزار روفات بن، بەڵام ئەمە ژمارەی کۆتایی نییە و تا ئێستا بە دیاریکراوی نازانن چەند روفاتی تێدایە و رەنگە ئەو ژمارەیە زۆر زیاتریش بێت.
وتیشی، دڵنیان جگە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەی توانیویانە دەستنیشانیبکەن، گۆڕی بەکۆمەڵی زیاتر لە سوریا هەن کە سەرجەمیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتییانی سوریا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری هەڵاتوی سوریا و حافز ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشوی سوریا بە ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە تۆمەتبار دەکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP