به‌غداد هەفتەی ئایندە تەواوكاری مووچەی مانگی 11 بۆ هەرێم دەنێرێت

ئابوری
15:42 - 2024-12-26


ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: "عیراق هەفتەی ئایندە تەواوكاری مووچەی مانگی 11 بۆ هەرێم دەنێرێت و لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەش دەتواندرێت دەست بەدابەشكردنی مووچەی ئەو مانگە بكرێت".

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی لەلێدوانێكیی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی لەماوەی رابردوودا دارایی عیراق بڕی 631 ملیار دیناری وەك مووچەی مانگی 11 بۆ دارایی هەرێم ناردووە، بڕیاریشە هەفتەی ئایندە تەواوكاری مووچەی ئەو مانگە بۆ هەرێم بنێرێت".

د. بڕیار رەشید دەڵێت:"دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 ی مووچەخۆرانی عیراق دەستیپێكردووەو بەردەوامەو كۆتایی نەهاتووە، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەش حكومەتی هەرێم دەتوانێت دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11 بكات" 

پشووەكان نابنە رێگر لەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11
هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA راگەیاندووه‌: "راستە لەدوێنێ 25-12-2024 ەوە، پشووی سەری ساڵ لەهەرێم دەستیپێكردووە، بەڵام ئەگەر دارایی عیراق تەواوكاری مووچەی مانگی 11 بنێرێت پشووەكان نابنە رێگر لەدابەشكردنی مووچە".

"لەو 430 ملیار دینارەی كەوەك موناقەلە لەبودجەدا دەخرێتەسەر تەواوكاری مووچە، بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی 10، حكومەتی عیراق لەو پارەیە نزیكەی 215 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە، هاوكات چاوەڕوانیش دەكرێت بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی 11 نزیكەی 215 ملیار دیناری دیكە بنێرێت، بەمەش تاڕادەیەك كورتهێنانی مووچە پڕدەكرێتەوەو دەتواندرێت مووچە دابەشبكرێت" سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وادەڵێت.

به‌ پێی زانیارییه‌كان هەموو هەوڵەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ ئەوەیە كەپێش هاتنی سەری ساڵی نوێ مووچەی مانگی 11 ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكرێت، چونكە زیاتر لە 630 ملیار دینار لەبەردەستدایە، بەڵام بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 12، پێدەچێت بكەوێتە سەرەتای ساڵی ئایندە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دارایی، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی یەك مانگ پێویستی بە 996 ملیار دینارە، لەئێستاشدا كە دارایی عیراق 631 ملیار دیناری وەك مووچەی مانگی 11 بۆناردووە، واتە 365 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، بۆ ئەمەش حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی ئەو تەواوكارییەی مووچە دەكات كەبڕیارە لەبەغداوە بێت و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP