په‌یامی پیرۆزباییەکان بۆ سەری ساڵی زاینیی 2025

کوردستان
17:31 - 2024-12-31

به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی (2025) بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەکتەبی سیاسی و  ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، وێڕای پیرۆزكردنی ئه‌و بۆنه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق و جیهان، هیوادارن ساڵی نوێ‌ ساڵی ئاشتیی و ئاوه‌دانی و چاره‌سه‌ری ره‌وای پرسی كورد بێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

ده‌قی په‌یامه‌كان .. 

سه‌رۆك بافڵ: با هەموومان پێكەوە ساڵی نوێ بكەینە ساڵی ئاشتی و پێكەوەژیان

سەری ساڵی نوێی زاینی لە سەرجەم هاوڵاتییانی كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆزبێت و هیوادارم ساڵێكی پر لە ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بێت بۆ هەموولایەك.

هیوادارم هەموومان لە ساڵی نوێدا بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە كار بۆ بەهێزتركردنی كوردستان، ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بكەین. حكومەتێكی خزمەتگوزاری دادپەروەر پێكبهێنین كە پارێزگاری لە ژیانی خەڵك بكات و مافەكانیان دەستەبەر بكات، هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی شەرەفمەندانە و سەرەبەرزانەتر بێت بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە هەموو ئەو هەوڵ و پێشنیارانە دەكات كە ئامانجەكەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و كۆتاییهێنان بێت بە ناكۆكییەكان، بەتایبەت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە چارەسەرێكی ئەرێنیی یەكجارەكی. هەروەها پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا كە لە قۆناغێكی مێژووییدایە، پێویستی بە هەوڵ و پشتیوانیی هەموولایەكمانە و دەبێت بەرپرسانە و هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین.

‏‎با هەموومان پێكەوە ساڵی نوێ بكەینە ساڵی ئاشتی و پێكەوەژیان، چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا. بە یەكدەنگی و یەكڕیزیمان كوردستانمان بەهێزتر دەكەین و داهاتوویەكی گەشتر مسۆگەر دەكەین، ئەمە بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە و لە ئەستۆی هەموولایەكمانە.

ساڵی نوێ پیرۆزبێت و هیوای دڵخۆشی و كامەرانی بۆ هەموولایەك.


بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی
ساڵی نوێ لە گەلەکەمان، لە کۆمەڵانی خەڵکی عیراق و جیهان پیرۆز بێتساڵی ئاشتی و ئاوەدانی ، ماف و دادپەروەری و چارەسەری رەوای مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسەروبەندی گۆڕانکاری ناوچەکە ، بە دیالۆگی سیاسیی و ئاشتی و دیموکراتی.بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت بە تایبەتی ئیستحقاقی مووچە بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێکەڵکردنی بە دۆسێ سیاسییەکان.

هەر بەو بۆنەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گێرانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ ئەزموونەکەمان ،هەر وەک بەڵێنی بە خەڵکەکەمان دابوو ، دووپات دەکاتەوە و لە هەموو وێستگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ یشدا کۆششی ڕەوای بۆ دەکات، بەرەو حوکمڕانی و حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پرۆسەیەکی سیاسیی کارا و دیموکرات و دەربەست.هیوامان وایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گەشەی زیاتری پرۆسەی دیموکراتی وڵاتەکەمان و ساڵی دابینکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکانی تری کورد بێت.
جارێکی تر پیرۆزە
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

قوباد تاڵه‌بانی: به‌هیوام له‌ ساڵی 2025 پێکەوە کەموکوڕییەکان چاک بکەین

ساڵی نوێ لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت، بەهیوای ئەوەی لەساڵی 2025 دا دەرفەتی بەدیهاتنی زۆر لە ئامانجە دواکەوتووەکانی گەلەکەمان بڕەخسێت.

لەبەردەم ساڵێکی نوێی هەستیار و یەکلاکەرەوەداین، بۆیە بەهیوام هەموومان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بین و پێکەوە کەموکوڕییەکان چاک بکەین، لە پێش هەموویانەوە گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک کە سەرچاوەی سەرەکی هەموو هێز و دەسەڵاتێکن کە هەیە.
دووبارە پیرۆز بێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە: لە ساڵی نوێ‌دا یەكێتی ریزەكانی گەلەكەمان پتەوتربێت

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی (2025) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو هاوڵاتییانی عێراق و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین سەری ساڵێكی ئاسودەو بەختەوەر بەرینەسەر.

 پیرۆزبایی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان ‌دەكەین.

هیوادارین لە ساڵی نوێ‌دا، یەكێتی ریزەكانی گەلەكەمان پتەوتربێت، هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانیش بەگیانی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی دۆخەكە، كێشە سیاسیەكان چارەسەر بكرێ‌. بە یەكگرتوویی‌و تەبایی گەلەكەمان و لایەنە سیاسیەكان، هەنگاو بنرێ‌ بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ‌و زیاتر بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ژێرخان و سەرخانی هەرێمەكەمان، هەروەها هیوادارم ساڵی تازە  ببێتە مایەی خێر و خۆشی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك ، هاوكات ئاواتەخوازم وەرچەرخانی فەراهەمكردنی سەقامگیری و ئاشتی و تەبایی و پێكەوە ژیانی  زیاتر بێت ، لە نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، ساڵی نوێی ٢٠٢٥ ساڵی  ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بێت

هیواخوازین، لەم ساڵە نوێیەدا، بەرێگاچارەی گفتوگۆ و دانوستان، لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی عیراق ‌و تەوافقی نیشتمانی، كێشە و دۆسییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند چارەسەری بنەڕەتی  بكرێن‌، هاوكات سەقامگیری سیاسی و  ئاشتی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت و لەسایەی دا تەواوی خەڵك بەهەموو پێكهاتەكانەوە بەئارامی و ئاسودەیی بژین

 جارێكی تر ساڵی نوێ‌ پیرۆزبێت‌و ئومێدی بەختەوەری بۆ گەلی كوردستان دەخوازین.

سەعدی ئەحمەد پیرە
وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

رەفعەت عەبدوڵڵا : ساڵی نوێ ساڵی خۆشگوزەرانی و باشبوونی گوزەرانی خەڵك بێت
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كەم ئەندامانی سەنگەر
پێشمەرگە قارەمانەكان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێتان لێدەكەم، هیواخوازم ساڵی نوێ ساڵی خۆشگوزەرانی و باشبوونی گوزەرانی خەڵك بێت، ساڵێك بێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار بۆ هەموو خەڵك و ناوچەیەك بێ جیاوازی و نادادی، ساڵی 2025 ساڵی كۆتاییهاتنی ئەو قەیرانانە بێت كە بەرۆكی خەڵك و هەرێمەكەمانی گرتووە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و مووچە و قوتی خەڵك بەشێوەیەكی یەكجارەیی كۆتاییان بێت.

ساڵی نوێ ساڵی پتەوكردنی برایەتی و پێكەوەژیان و یەكدەنگی كورد بێت لەسەر ئاستی جیهان و گەلە ستەم دیدەكەمان لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەمافە ڕەواكانی بگات.
دووبارە ساڵی نوێ لەهەمووان پیرۆز بێت .

رفعەت عەبدوڵڵا

  ئاسۆ مامەند: ساڵی نوێ‌ و ببێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکەمان

بەبۆنەی ساڵی نوێی ٢٠٢٥ی زاینییەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی عیڕاق بە گشتی، و کوردستانیان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی، و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک دەکەم.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهێنان بێت بە سەرجەم کێشە و قەیرانەکان، و ببێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکەمان و لێکنزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، و قووڵبوونەوەی زیاتری گیانی پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک.

هەروەها بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی تایبەت لە خوشک و برا مەسیحییەکان دەکەم، و دڵنیایان دەکەمەوە کە ئەم نیشتمانە هی هەموومانە بەبێ جیاوازیی، و تیایدا وەک هاووڵاتیی مافی وەک یەکمان هەیە.

هەروەها ئەم بۆنەیەش بە دەرفەتێک دەزانم کە تیایدا رایبگەیەنم؛ یەکێتیی لە سەر هەر سێ ئاستی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر دانیشتوانی کەرکوکدا، و بە بەرنامە و پڕوژەی خزمەتگوزاری هەمەلایەن پێشوازیی لە ساڵی نوێ دەکات، و کەشێکی لەباری پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دەستەبەر دەکات بە جۆرێک لە تەواوی کایەکاندا دانیشتوانی رەسەنی پارێزگای کەرکوک لێی بەهرەمەندبن.

هەروەها لە سەر ئاستی رێخکراوەییش، یەکێتیی پڕۆژەی پێویستی گەڵاڵە کردووە و بە پلان و بەرنامەی سەردەمیانە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات، لە سەروشیانەوە پرسە نیشتمانییەکان، و هەروا مەسەلەی بژێوی و دابینکردنی هەلی کار و بەسەرکردنەوەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان؛ بەشێکی دیکەی ئەو پڕۆژەیەن کە لە ساڵی نوێدا یەکێتیی بە گرنگییەوە کاریان لەسەر دەکات.

دووبارە ساڵی نوێی ٢٠٢٥ی زاینی لە هەموو لایەک پیرۆزبێت، ئومێدەوارم لە کەشێکی ئارامدا ئەم بۆنەیە بەڕێبکەن.

ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

رزگار حاجی حەمە: ساڵی خێر و خۆشی و کۆتایی شەڕ و ئاڵۆزی و قەیرانەکان بێت
ساڵی نوێتان پیرۆز بێت
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی  2025ی زایینیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و ساڵی کۆتایی شەڕ و ئاڵۆزی و قەیرانەکان بێت و لەگەڵ خۆیدا ئاشتی و تەبایی و خۆشگوزەرانی بێنێت بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە و تەواوی جیهان.

دووبارە ئەم بۆنەیەتان پیرۆز بێت و ھیوای ژیانێکی پر لە خۆشی بەختەوەری و ئاسوودەیی و سەلامەتی بۆ هەموو لایەک دەخوازم و ساڵی نوێ ساڵی هاتنەدی سەرجەم ئاواتەکانتان بێت.

رزگار حاجی حەمە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: ساڵی نوێ ببێت بە دەستپێکی بەیەکەوە کارکردن

بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەی زایینیەوە (٢٠٢٥)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کورستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانیانی ئازیز دەکەم، هیوای ساڵێکی خۆشگوزەران و پڕ لە کامەرانیی و سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستان دەخوازم.

لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە، کە ناوچەکە بەگشتی بە دۆخێكی ئاڵۆزو ناهەمواردا تێده‌په‌ڕ دەبێت، بێگومان ڕووداو و پێهشاته‌كانیش کەم تا زۆر كاریگه‌رییان دەبێت له‌سه‌ر هه‌رێمەکەمان، بۆیە گرنگە یەکڕیزیی و یەکدەنگی گشت لایە سیاسییەکان بکەین بە خاڵی بەهێزبوون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و ئەگەرێک، هەروەها گرنگە ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بکەین بە ئامانجی بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان.

هیوادارم هاتنی ساڵی نوێ ببێت بە دەستپێکی بەیەکەوە کارکردن، لەپێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان، هەروەها ساڵێکی پڕ خێر و خۆشی و چەسپاندنی دادپەروەریی و گەشەسەندنی ئابووریی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ هەموو لایەک، ئومێدەوارم لە ساڵی نوێدا بە زووترین کات کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمان.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت لە هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١٢/٣

 

پیرۆبایی مەڵبەندی (٦) ی سۆران: ساڵی تازە بەدیهاتنی خەونەکانتان بێت
⁃ کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان..
 ⁃ دانیشتوانی ئازیزی سنوری مەڵبەندی سۆران..
 ⁃ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
 ⁃ دۆست و لایەنگران، تەواوی هەڤاڵان و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سنووری مەڵبەندی (٦)ی سۆران...
 ⁃ پارتە سیاسیە بەڕێزەکان...

سەری ساڵی زایینی (٢٠٢٥) لە ئێوە و خانەوادە بەڕێزەکانتان پیرۆز دەکەین. هیوا دەخوازم ساڵی تازە، ساڵی بەدیهاتنی خەونەکانتان بێت و ببێتە ساڵی ئارامی و تەبایی و ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ هەمووان.

ساڵی ( ٢٠٢٤ )مان بە سەرکەوتنێکی گرنگی یەکێتییەکەمان کۆتایی پێ دەهێنین، کە سەرکەوتنی گرنگ و گەورەمان بوو لە هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەردا و تێیدا بە هەوڵ و خەباتی هەموو کادر و ئەندام و دەنگدەرە دڵسۆزەکانی یەکێتی بەدیهات، بەتایبەت لە سۆران سەرکەوتنەکەمان، سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو.

هیوادارین و کاری جدی دەکەین لە ساڵی نوێدا حکومەتێک پێک بێت تێیدا کارنامە و بەڵینەکانی یەکێتی تێدا جێگیر بکرێن، کە هەموویان لە خزمەت کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان و باشترکردنی گوزەرانیان و فراوانترکردنی پانتایی ئازادی و دیموکراسی بوون. لە  ساڵی نوێدا  پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کاری لە پێشینەمان دەبێت، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەوتیەی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان  بەسەر تەواوی خەڵك و لایەنە سیاسییەکاندا سەپاندبووی.

لە دۆخێکی ئاڵۆزی ناوچەییدا پێ دەنیێنە نێو ساڵی نوێوە. ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دۆخی سووریا و بە تایبەتتر دۆخی ڕۆژئاڤای کوردستان کە جێگەی ئومێد و ئاسۆیەکی تازە و دەروازەیەکی ترە بۆ کورد و کوردستان، بۆیە جارێکیتریش جەخت لەسەر هەڵوێستی سەرۆک ( بافڵ جلال تاڵەبانی ) دەکەینەوە، تایبەت بە رەوشی سوریا و رۆژئاوای کوردستان .

لەم دۆخە خراپەی دارایی هەرێم دەزانین خەڵک لە چ بارودۆخێکی سەختدا دەژین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکە بەهێزەکەمان، لەپێناوی باشترکردنی بژێوی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، بەڵێنی کۆتایی هێنان بە خۆسەپێنی و راستکرنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی داوەو بەهیچ کڵوجێک پاشەکشێی لێ ناکەین.

لە کۆتاییدا دووبارە سەری ساڵتان پیرۆز دەکەین و لە خوای گەورە داوا دەکەین ساڵی بەدیهێنانی هەموو ئاواتەکانتان بێت.

مەڵبەندی (٦) ی سۆران ( ی.ن.ک )
٣١-١٢-٢٠٢٤ ( سۆران )

 

پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٥-وە
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٥، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەین، هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی، ئاشتی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتر بێت بۆ هەمووان.
لەم بۆنویەدا داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین کە بەرژەوەندییە باڵاکان خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان لەپێناو، خزمەتکردن و پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانیان.
دەخوازین ساڵی نوێ ٢٠٢٥ ئاشتی باڵبکێشێت بەسەر ناوچەکەدا، ساڵی کۆتاییهاتنی ململانێ، ئاوارەیی، شەڕ و ئاڵۆزی و کاولکارییەکانی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتمان بە دوووربێت لە دەستی دەرەکی و بەکارنەهێندرێن دژی لایەن و وڵاتێکی دیکە.
دووبارە ساڵی نوێ پیرۆزبێت، هیوای دڵخۆشی و كامەرانیتان بۆ دەخوازین

باڵیۆز، د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP