بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا
نوقم بوو، بەهۆیەوە 20 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون و حەوت کۆچبەری دیکەش رزگارکران، کە
یەکێکیان منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵەی سوورییە.
ئاژانسی ئانسای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بەلەمەکە لە
لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە، ئەو حەوت کەسەی رزگارییان بووە، سووری و سودانی و
میسری بوون و پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن کە
پێنج ژن و سێ منداڵییان تێدایە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا،
یەکێک لە کۆچبەرە رزگاربووەکان، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵی سوورییە، بەڵام تاوەکو ئێستا
دایکی بێسەروشوێنە و منداڵەکە لەلایەن خزمێکییەوە رزگارکراوە، لەکاتێکدا ویستوویانە
بچنە لای باوکی لە ئەڵمانیا.
بەگوێرەی زانیارییەکان،لە ساڵی 2024دا زیاتر لە
دوو هەزار کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست کە کوشندەترین رێڕەوی
کۆچکردنە لە جیهاندا، خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP